سێنتکۆم: ژمارەیەک کەشتی هێزی دەریایی ئێرانیمان لەناوبردووە

سێنتکۆم جەخت لەوە دەکاتەوە، کە 16 کەشتی دانانی مینی ئێرانیان لە گەرووی هورمز لەناوبردووە، هاوکات سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری توندی بە ئەمریکا دا لە ئەگەری چاندنی مین لەو گەرووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانیان ژمارەیەکی کەشتی هێزی دەریایی ئێرانیان لەناوبردووە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوە داوە،  لەناویاندا 16 کەشتی تایبەت بە دانانی مین لەژێر ئاودا لە گەرووی هورمز لەنێوبراون.

هاوکات دوێنێ سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی، "ئەگەر ئێران هیچ مینێکی لە گەرووی هورمز چاندبێت، هەرچەندە تا ئێستا هیچ راپۆرتێکمان نییە کە ئەو کارەیان کردبێت، بەڵام دەمانەوێت دەستبەجێ لایانببەن"

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئێران مینی دەریایی لەو گەرووە ستراتیژییەدا چاندبێت و دەستبەجێ هەڵینەگرێتەوە، ئەوا "لێکەوتە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران لە ئاستێکدا دەبن کە پێشتر هەرگیز نەبینراوە."