ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆیی 4" راگەیاند. هێرشەکان بنکەکانی ئەمریکا لە هەولێر، شوێنەکانی پەیوەست بە کەشتی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا و ناوچەی "بئر یعقوب"یان لە ناوەڕاستی ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی سوپای پاسداران، ئەم هێرشە مووشەکییە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەردەوام دەبێت. هاوکات سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا شارەکانی (تەلئەڤیڤ، حەیفا، قودس، ئەشدۆد، ئەشقەلۆن، و نەگێڤ) لەگەڵ سەرجەم نیشتەجێبوونەکانی باکوور و باشووری ئیسرائیلی وەک ناوچەی جەنگ ناساند و رایگەیاند؛ ئەم بڕیارە تا کاتێکی نادیار کاری پێدەکرێت.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە ململانێکان پێیان ناوەتە 12مین رۆژی خۆیان. ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکان بەشێکە لەو ململانێیە بەرفراوانەی کە لە 28ـی شوباتی 2026 و لە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەریهەڵدا، دواتر بە خێرایی پەرەی سەند و وڵاتانی کەنداو، عێراق و ناوچەکەی گرتەوە.