ترەمپ بۆ ئێران: چاندنی مین لە گەرووی هورمز لێکەوتەی خراپی دەبێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشداریی ئاراستەی تاران دەکات و رایدەگەیەنێت؛ هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز لە رێگەی چاندنی مینەوە، ئێران رووبەڕووی دەرئەنجامی سەخت و بێوێنە دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمییان لەبارەی چاندنی مین لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام جەختی کردەوە: "ئەگەر ئێران هەر مینێکی لە گەرووی هورمز چاندبێت، داوای لابردنی دەستبەجێیان دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی کرد و گوتی: "ئەگەر بە هەر هۆکارێک مین چێنرابن و دەستبەجێ لانەبرێن، لێکەوتە سەربازییەکانی بۆ ئێران بێ وێنە دەبن." ئاماژەی بەوەش کرد، پاککردنەوەی ناوچەکە لەو مینانەی ئەگەری چاندنیان هەیە، "هەنگاوێکی زەبەلاح دەبێت بەرەو ئاراستەیەکی دروست."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کەناڵی (CBS News)ـی ئەمریکی لەسەر زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ جێگیرکردنی مین لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئێران بەلەمی بچووک بەکاردەهێنێت کە توانای هەڵگرتنی دوو بۆ سێ مینیان هەیە. هەروەها خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کۆگای مینە دەریاییەکانی ئێران لە نێوان 2 هەزار بۆ 6 هەزار مینی جۆراوجۆری ئێرانی، چینی و رووسیدایە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، و هەر جۆرە پشێوییەک لەو ناوچەیەدا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی جیهان و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت.