ویتکۆف: سێ بنکەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانمان لەناو برد
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند؛ وڵاتەکەی توانیویەتی دامەزراوە ستراتیژییەکانی پیتاندن و گۆڕینی یۆرانیۆم لە ناوچەکانی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆی ناو خاکی ئێران بە تەواوی لەناوبەرێت.
ویتکۆف لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا ئێران پێداگری لەسەر مافێکی حاشاهەڵنەگر دەکرد بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، واشنتنیش بە تاران ئەوەی راگەیاندووە؛ "ئەمریکا مافێکی حاشاهەڵنەگری هەیە بۆ رێگریکردن لە دەوڵەمەندبوونی ئەتۆمیی ئێران بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بەگوێرەی گوتەکانی نێردەی تایبەتی ئەمریکا، تاران خاوەنی 460 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە بە ئاستی 60%، کە تەنیا پێویستی بە هەفتەیەک یان 10 رۆژ هەبووە تاوەکو بگەیەنرێتە ئاستی "پلەی چەک" (Weapons-grade) و بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
لەو چوارچێوەیەدا، ویتکۆف ئاماژەی بە لێدوانێکی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئێستا ئەنجام نەدرابا، تاران تەنیا دوو هەفتەی مابوو بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، نێردەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە3ـی ئاداری رابردوو پێشنیازێکیان دابووە ئێران بۆ دابینکردنی سووتەمەنی ئەتۆمی لە دەرەوەی وڵات لە بەرامبەر راگرتنی پیتاندن لە ناوخۆ، بەڵام تاران بە توندی ئەو پێشنیازەی رەتکردووەتەوە.
ویتکۆف پێیوایە ئەم رەتکردنەوەیە و شانازیکردنی بەرپرسانی ئێران بە بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو، سەلمێنەری ئەوە بوو کە تاران نیازی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی هەبووە.