هەڵبژاردەی ئێران بەشداری مۆندیال ناکات

وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان، بڕیاریانداوە بەشداری لە مۆندیال ئەمساڵ دا نەکەن، کە لە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، ئەحمەد دونیا مالی، وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران رایگەیاند، بارودۆخی ئێستا رێگە بە بەشداریکردنی هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتییەکەدا نادات، چونکە بارودۆخی ئەمنی و سیاسی دوای پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئەم دواییە، ناردنی تیمەکە بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییانەی لەسەر خاکی ئەمریکا بەڕێوەدەچن، قورس دەکات.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە مانگەکانی رابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی سەربازییەوە رووبەڕووی قەیرانی گەورە بووەتەوە، کە بووەتە هۆی کەوتنی هەزاران قوربانی و جەختیشی کردەوە ئەم پێشهاتانە پرسیاری جیددی لە ناوخۆی ئێراندا دروست دەکەن سەبارەت بە سوودی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکدا کە دەوڵەتێک میوانداری دەکات کە تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەدا.

هەڵبژاردەی ئێران پێشتر کورسییەکی لە کۆتایییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ مسۆگەر کردووە، کە تیروپشکەکە خستوویەتییە کۆمەڵەی حەوتەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، میسر و نیوزلەندا. بڕیار وابوو هەڵبژاردەی ئێران هەر سێ یارییەکەی قۆناغی کۆمەڵەکان لە ناوخۆی ئەمریکا ئەنجام بدات، کە دوو یارییان لە شاری ئینگلوود لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و یاری سێیەم لە شاری سیاتڵ بەڕێوەدەچێت.