مەزڵووم عەبدی: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ کەیسی عەلا ئەمین پێکهێنراوە
مەزڵووم عەبدی ئاماژە بەوە دەکات، لێپرسینەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی عەلا ئەمین دەکرێت و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن بۆ دەرخستنی راستییەکان و وردەکارییەکانی پێکهێنراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەربارەی گیان لەدەستدانی عەلا ئەمین رایگەیاند، پێشتر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەرەوە دەستگیرکرابوو و لەو ماوەیەدا گیانی لەدەست داوە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە داوە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن بۆ دەرخستنی راستییەکان و وردەکارییەکانی گیان لەدەستدانی پێکهێنراوە و بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا و دوای تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی شەفاف بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێنەوە.
مەزڵووم عەبدی جەخت لەسەر پابەندبوونیان دەکاتەوە بۆ لێپێچینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون یان بەرپرسن ، سەر بە هەر لایەنێک بن یان هەر پەیوەندی و پلەوپایەیەکیان هەبێت، بەبێ هیچ خەمساردی و جیاکارییەک.