ترەمپ: هیچ شوێنێک لە ئێران نەماوە بیکەینە ئامانج
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ئاشکرای کرد کە رەنگە جەنگی دژی ئێران بەمزووانە کۆتایی بێت، چونکە بە گوتەی ئەو بە کرداری هیچ شتێک نەماوەتەوە بۆ ئەوەی بکرێتە ئامانج. لە هەمان کاتدا، سەرۆکی ئەمریکا جەنگەکە بە باجدانی تاران بۆ 47 ساڵ لە مەرگ و وێرانکاری وەسف دەکات، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی سەربازی هێشتا پلانی درێژەکێشانی شەڕیان هەیە.
چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ پێگەی هەواڵی "ئاکسیۆس"، ئاماژەی بە خاپووربوون و لاوازبوونی تەواوەتی ژێرخانی سەربازیی ئێران کرد و رایگەیاند، تەنیا هەندێک شتی بچووک لێرە و لەوێ ماون، هەر کاتێک بمەوێت ئەم جەنگە کۆتایی پێ بهێنم، کۆتایی دێت. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە سوپای ئەمریکا زۆربەی ئامانجە ستراتیژییەکانی لە ناوخۆی ئێران پێکاوە
سەرەڕای ئەم لێدوانە دڵنیاییەدەرەی سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام پێشهاتە سەربازییەکان باس لە سیناریۆیەکی دیکە دەکەن. بەپێی زانیارییەکانی پێگەی ئاکسیۆس، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت لەوە دەکەنەوە کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ وەستاندنی شەڕەکە و ئاگربەست نەدراوە. هاوکات، پلانە سەربازییەکان بە جۆرێک داڕێژراون کە پێشبینی دەکرێت هێرش و بۆردوومانەکان بۆ ماوەی لانی کەم دوو هەفتەی دیکەش بەردەوام بن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ گوتی: ئێران چاویان بڕیبووە داگیرکردنی تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئێستا باجی 47 ساڵ لەو مەرگ و وێرانکارییە دەدەن کە خۆیان هۆکاری بوون.
سەرۆکی ئەمریکا بە تۆنێکی توند و یەکلاکەرەوە پەیامێکی ئاراستەی تاران کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە پرۆسەیەکی تۆڵەسەندنەوەیە، و راشکاوانە رایگەیاند، ئەوان بەو ئاسانییە لێی دەرناچن و رزگاریان نابێت.