بۆ رێگریکردن لە قەیرانی وزە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە گەورەترین بڕی یەدەگی نەوت لە مێژوودا دەخاتە بازاڕەوە
بەهۆی هەڵکشان و ناجێگیریی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کە لە دەرەنجامی جەنگی دژی ئێرانەوە دروست بووە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشنیازی خستنەڕووی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگە ستراتیژییەکانی وڵاتانی ئەندام دەکات. ئەم هەنگاوەش کە بە گەورەترین پرۆسەی هاوبەش لە مێژووی ئاژانسەکەدا دادەنرێت، ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی وزەیە کە بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز و ڕاگیرانی هەناردەی نەوتەوە سەریهەڵداوە.
چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، فاتیح بیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکیی ئاژانسەکە لە پاریس، رایگەیاند، ئەو ململانێیەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت، کاریگەرییەکی گەورە و قووڵی لەسەر بازاڕەکانی نەوت و غازی جیهانی هەیە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) پێشنیازی خستەنەڕووی 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە یەدەگی ستراتیژیی وڵاتان راگەیاند، کە ئەمەش بە گەورەترین پرۆسەی خستنەبازاڕی نەوتی یەدەگ لە مێژوودا دادەنرێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە سەرجەم 32 وڵاتە ئەندامەکەی ئاژانسەکە بە کۆدەنگی رەزامەندییان نیشان دا لەسەر خستنەبازاڕی ئەم یەدەگە نیشتمانییانە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕ و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پرۆسەی خستنەڕوو و رەوانەکردنی نەوتەکە بۆ بازاڕەکان بەپێی خشتەی کاتیی جیاواز دەبێت کە لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆیی و تایبەتمەندی هەر وڵاتێکدا بگونجێت.
بیرۆل جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دۆخە لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر ئاسایشی وزە، توانای کڕین و بەکاربردن، هەروەها ئابووریی جیهان بەگشتی هەیە. ئەم هەنگاوەی ئاژانسەکە توندترین و بەهێزترین وەڵامدانەوەی سیاسەتی وزەیە بۆ ئەو قەیرانەی کە بووەتە هۆی گیرخواردنی قەبارەیەکی زەبەلاح لە نەوت.
کێشە سەرەکییەکە لە گەرووی هورمزەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە گرنگترین دەماری بازرگانی دادەنرێت و نزیکەی چارەکێکی نەوتی دەریاکانی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئێستا بەهۆی جەنگەوە، گەرووەکە بۆ نزیکەی سەرجەم گەشتە بازرگانییەکان بووەتە ناوچەیەکی مەترسیدار و بە کرداری داخراوە. ئەم داخرانەش کاریگەریی لاوەکیی لێکەوتووەتەوە، بە جۆرێک هەندێک لە وڵاتانی کەنداو ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە بەهۆی تەواوبوونی بۆشایی کۆگاکانیانەوە.
ئەم دۆخە مەیدانییە وای کرد لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت سنووری 110دۆلار تێپەڕێنیت، پێش ئەوەی بەهۆی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگەکە، نرخەکان کەمێک داببەزن، هەرچەندە دواتر ئیدارەکەی پەیامی دژ بە یەکی لەسەر بەردەوامیی شەڕەکە بڵاو کردەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەستبەجێ وەڵامدانەوە بۆ پێشنیازەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هەبووە. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی فینانشناڵ تایمز کە پێش راگەیەندراوەکەی ئاژانسەکە بڵاوکراوەتەوە، سانا تایکایچی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پێشەنگایەتیی ئەم هەنگاوە دەکات و هەر لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەکات بە خستنەڕووی نەوت لە یەدەگە نیشتمانییەکانی خۆی.
هاوکات ئەڵمانیاش رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی هەمان داواکاری و بەکارهێنانی یەدەگەکانی. جێگای ئاماژەیە، ئەمە یەکەمین هەنگاوی هاوبەشی لەم شێوەیەی ئاژانسەکەیە لە دوای قەیرانی ساڵی 2022 و سەردەمی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
سەرەڕای ئەم هەوڵە خێرایانە، شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن لە بەردەوامیی قەیرانەکە لە ماوەی درێژخایەندا. کۆمپانیای (ماکواری) کە تایبەتە بە راوێژکاری و وەبەرهێنان، لە پێشبینییەکدا پێش ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە یەدەگە ستراتیژییەکان چارەسەرێکی هەمیشەیی نین، و نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا بەردەوام دەبێت لە ناجێگیری و وەک پشکە پڕهەژانەکان مامەڵەی پێوە دەکرێت تا ئەو کاتەی ئاشتییەکی تەواوەتی بەرقەرار دەبێت.
هەروەها ئێستا چاوەکانی جیهان لەسەر خێرایی خستنەڕووی ئەو بەرمیلە نەوتانەیە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە، بەتایبەتی هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بەوەی ئایا نەوت لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتیی خۆی (SPR) دەردەهێنێت یان نا. هەرچەندە دیموکراتەکان فشاریان خستووەتە سەر ئیدارەی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی ئەو یەدەگەیە، بەڵام تا ئێستا ترەمپ بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە دوودڵە و نایەوێت پەلە بکات.