سێنتکۆم: لەو بەندەرانە دوور بکەونەوە کە هێزە دەریاییەکانی ئێرانی تێدا جێگیر کراون
لە پێشهاتێکی نوێی جەنگەکەدا، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هۆشدارییەکی توند و بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییانی مەدەنیی ئێران کرد کە دەستبەجێ لەو بەندەرانە دوور بکەونەوە کە هێزە دەریاییەکانی ئێرانی تێدا جێگیر کراون.
چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕاستەوخۆ داوا لە کرێکارانی بەندەرەکان، کارمەندانی کارگێڕی و سەرجەم تیمەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران دەکات کە بە هیچ شێوەیەک نزیکی کەشتییە دەریاییەکان و کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە نەکەون و لێیان دوور بکەونەوە.
سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام بەندەرە مەدەنییەکانی سەر گەرووی هورمز بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەکاردەهێنێت. فەرماندەیییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوانەی تاران نەک تەنیا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر هاتوچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، بەڵکوو کارێکی مەترسیدارە و ڕاستەوخۆ ژیانی کەسانی بێتاوان و هاووڵاتییانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا و وەک پاساوێکی یاسایی بۆ هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا پشتی بە یاسا کارپێکراوەکانی جەنگ بەستووە و ڕایگەیاندووە: "ئەو بەندەرە مەدەنییانەی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێن، پارێزبەندییە یاساییەکەی خۆیان لەدەست دەدەن و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبنە ئامانجێکی ڕەوای سەربازی." ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا لە لێدان و خاپوورکردنی ئەو دامەزراوە مەدەنییانە سڵ ناکەنەوە کە سوپای ئێران وەک قەڵغان یان بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەکاریان دەهێنێت.