سوودانی و پزیشکیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدا، لە پەیوەندییەکەدا باس لە دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا.
چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی محەممەد شەیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە ناوی حکوومەت و گەلی عێراقەوە، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی سەرۆککۆمار و گەلی ئێران کردەوە بە بۆنەی کوژرانی رێبەری باڵا ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی و بنەماڵەکەی و ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئێران، هاوکات هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی رووداوەکان خواست.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق ئیدانەی ئەو شەڕە ناڕەوایەی کرد کە ئێرانی کردۆتە ئامانج و جەختی لەوە کردەوە، عێراق پابەندە بە پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.
سوودانی ئامادەیی عێراقی نیشاندا بۆ خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕانەوە بۆ رێگەچارەی دیپلۆماسییەت و چارەسەری ئاشتیانە، دوور لە بەکارهێنانی هێز کە هەڕەشە لە سەقامگیری نێودەوڵەتی دەکات.
سەبارەت بە سەروەری خاکی عێراق، سوودانی رایگەیاند: "حکوومەتی عێراق رێگە بە هیچ لایەنێک نادات خاکی وڵاتەکەمان وەک شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت." هەروەها ئاماژەی بەوەدا، هەر هێرشێک بکرێتە سەر خاکی عێراق، بە پێشێلکردنی روونی سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی دادەنرێت و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە، چونکە ئەو جۆرە هێرشانە هەوڵەکانی عێراق بۆ ئاشتی و وتوێژ تێکدەدەن.
لای خۆیەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستە جێگیرەکانی حکوومەتی عێراق دەربڕی لە رەتکردنەوەی توندوتیژی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاشتی، پزیشکیان بەرز نرخاندنی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی عێراق دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، ئێران بایەخێکی تایبەت بە سەروەری و پاراستنی سەلامەتی خاکی عێراق دەدات.