تەندروستی جیهانی: لە سەرەتای شەڕەوە 18 هێرش کراوەتە سەر ناوەندە تەندروستییەکانی ئێران
رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) رایگەیاند، لە دوای دەسپێکی شەڕ لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، 18 هێرشیان بۆ سەر دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی لە ئێران تۆمارکردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک کارمەندی پزیشکی.
چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە راپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و ناوەندەکانی تەندروستی ئێران، هەشت کارمەندی کەرتی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە، جەختیشی لەوەسکردووەتەوە، بە ئامانجگرتنی بنکە پزیشکییەکان، ژیانی نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و لە کاتێکی ئاوهادا کە پێویستییەکی زۆر بە دەرمان و چارەسەر هەیە، کۆمەڵگە لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش دەکات.
لە هەمان راپۆرتدا هاتووە ماوەی شەڕەکەدا، 25 هێرش کراوەتە سەر ناوەندە تەندروستییەکانی وڵاتی لوبنان، کە لە ئەنجامدا 16 کەس کوژراون و 29 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختی کردووەتەوە، هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی چاودێری تەندروستی پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە. داواشی لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد کە رێز لە پیرۆزی ناوەندە پزیشکییەکان بگرن و پارێزگاری لە بنکەکان، کارمەندان و نەخۆشەکان بکەن لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا.