ترەمپ: هێزی دەریایی ئێرانمان لەناو برد و دەتوانین لە یەک کاتژمێردا وڵاتەکە بە تەواوی بروخێنین
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی تەواوەتیی هێزی دەریایی ئێران و نەهێشتنی مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز. هۆشداریشی دا ئەگەر بیانەوێت، دەتوانن لە ماوەی یەک کاتژمێردا ئەو بەشانەی ئێران خاپوور بکەن کە وادەکات چیتر ئەو وڵاتە نەتوانێت خۆی دروست بکاتەوە.
چوارشەممە 11ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، وردەکاریی نوێی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند: "ئێمە سەرکەوتوو بووین لە لەناوبردنی هێزی دەریایی ئێران. تەنیا لە یەک شەودا نزیکەی سەرجەم کەشتییە مینڕێژەکانیانمان تێکشکاند کە ژمارەیان گەیشتە 60 کەشتی.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، نەیزانیوە ئێران هێزێکی دەریایی وا گەورەی هەیە، بەڵام وەک خۆی وەسفی کرد هێزێکی "گەورە و بێکەڵک" بوون. لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسێکیشدا سەبارەت بە دانانی مین لە گەرووی هورمز، ترەمپ بە دڵنیاییەوە گوتی: پێمان وا نییە مین دانرابێت، چونکە سەرجەم ئەو کەشتییانەمان لەناو برد کە دەیانتوانی ئەو کارە بکەن، بۆیە بڕوام وایە پێویستە کۆمپانیاکانی نەوت گەرووی هورمز بەکاربهێنن.
سەبارەت بە ئاستی هێرشەکان و داهاتووی جەنگەکە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، گورزێکی هێندە قورسمان لێداون کە لە مێژوودا هیچ وڵاتێک بەو شێوەیە گورزی لێ نەدراوە، بەڵام هێشتا کارەکانمان تەواو نەکردووە و دەبێت بەردەوام بین لە کارکردن لە ناو ئێران. سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریشی دا و گوتی: سەرکردەکانیان نەماون، ئێمە دەتوانین زۆر لەوە خراپتر بکەین. تا ئێستا دەستمان لە هەندێک ئامانج پاراستووە، بەڵام ئەگەر بڕیار بدەین لێیان بدەین، ئەوا تەنیا لە ماوەی یەک کاتژمێردا بە جۆرێک خاپوور دەبن کە مەحاڵە هەرگیز بتوانن ئەو وڵاتە دروست بکەنەوە.
سەرەڕای ئەم گرژییانە، ترەمپ دڵنیایی بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دا و رایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک نیگەران نییە لە ئەگەری هێرشی گرووپە نزیکەکانی ئێران بۆ سەر ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ سەرنجی خستە سەر دۆخی لوبنان و ئاشکرای کرد کە بە سەختی کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکەن. ئەو رایگەیاند کە ئەمریکا وڵات و گەلی لوبنانی خۆش دەوێت، بەڵام جەختی کردەوە: دەبێت رزگارمان بێت لە حزبوڵڵا، چونکە بۆ چەندین ساڵە بووەتە کارەساتێکی گەورە بۆ ئەو وڵاتە.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێی ئێران، ترەمپ رەتی کردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات و گوتی: "نامەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەم." بەڵام ئەوەندەی خستەڕوو کە قسەی لەگەڵ سەرکردەی چەندین وڵات کردووە و لیستێکی لە ئامانج و هێرشەکانی ئەمریکا پێداون، کە بە گوتەی ئەو، سەرکردەکان پێیان گوتووە کە "لە ژیانیاندا شتی لەو شێوەیەیان نەبینیوە."