عومان بۆ ئێران: هێرشەکانتان بۆ سەر وڵاتەکەمان راگرن

سوڵتانی عومان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، سەرکۆنەی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کرد کە دەکرێنە سەر خاکەکەی و جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی.

چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، هەیسەم بن تارق سوڵتانی عومان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، لە پەیوەندییەکدا، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پەرەپێدانیان کرا، هەروەها هەردوولا دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ئەو هەوڵانەیان تاوتوێ کردووە کە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدرێن.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی راگرتنی پەرەسەندنی سەربازی و پەنابردن بۆ زمانی گفتوگۆ و دیپلۆماسی کردەوە، بە مەبەستی دوورخستنەوەی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی جەنگ کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان دەکات.