کیم جۆنگ ئۆن ناوی پۆستەکەی لە پارتی کرێکاران دەگۆڕێت
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور: هەموو لایەنەکان بەتەواوی لەگەڵ ئەو بڕیارەدابوون و بە چەپڵەڕێزان پێشوازیان لێکرد

K24 - هەولێر
کیم جۆنگ ئۆن، رێبەری کۆریای باکوور ناوی پۆستە فەرمییەکەی لە حیزبەکەی لە سەرۆکەوە بۆ سکرتێری گشتی دەگۆڕێت.
شارەزایان دەڵێن، ئەو هەنگاوەی کیم جۆنگ ئۆن بۆ ئەوەیە؛ دەسەڵاتی خۆی لەگەڵ ئەو ئابوورییە قەیراناوییەی کۆریای باکوور بگونجێنێت، کە بەهۆی دوورەپەرێزی بەهۆی کۆرۆنا، تووشی بووە.
پێنج ساڵ پێش ئێستا، پارتی کرێکاران بە فەرمی کیم جۆنگ ئۆنی بە سەرۆک دیاریکرد، هەنگاوەکە بە تاج لەسەرنانی فەرمیی کیم دانرا، کە ئەوکاتە لە سییەکانی تەمەنیدابوو.
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور (KCNA) ئەمڕۆ هەروەها رایگەیاندووە "کۆنگرێس ئەو بڕیارەی بە نهێنی پەسەند کرد بۆ هەڵبژاردنی کیم وەک سکرتێری گشتیی حیزبەکەی و هەموو لایەنەکان بەتەواوی لەگەڵ ئەو بڕیارەدابوون و بە چەپڵەڕێزان پێشوازیان لێکرد".
کۆریای باکوور، ئێستا لە هەموو کاتێکی دیکە تەنیاترە، بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە بۆ دووربوون لە کۆرۆنا، دەرگاکانی بەڕووی دراوسێکانی داخستووە، دوای ئەوەی کۆرۆنا لە چینی دراوسێی و هاوپەیمانی سەرەکیی سەریهەڵدا.
ئان چان ئیل، لێکۆڵەر لە دامەزراوەی جیهانی بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆریای باکوور، کە بنکەکەی لە سیئۆلە، دەڵێ "کیم کاتێک (پێش پێنج ساڵ) ناونیشانی خۆی کردە سەرۆک، دەیویست رووێکی تایبەت بە خۆی و سەردەمەکەی نیشانبدات، کە جیاواز بێت لەوەی باوکی، بەڵام دیارە ئەمە سەرینەگرت، بۆیە رەنگە بیەوێت جەخت لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ باوکی بکاتەوە تاوەکو بتوانێت لەو کاتە زەحمەتەدا سەرۆکایەتی بکات".
کیم جۆنگ ئیل، ماوەیەکی کەم لەدوای مردنی، لە ساڵی 2011 بە سکرتێری گشتیی هەمیشەیی حیزبی کرێکاران دیاریکرا، هەروەها کیم ئیل سۆنگ، باپیری کیم جۆنگ ئۆن و دامەزرێنەری کۆریای باکوور، هەرچەندە لە ساڵی 1994ـەوە کۆچی دوایی کردووە، بەڵام ئەویش هەر سکرتێری گشتیی هەمیشەیی ئەو حیزبەیە.