ماکرۆن: توانا سەربازییەکانی ئێران هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی سفر

سەرۆکی فەرەنسا، داوای دیاریکردنی ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی جەنگی دژی ئێران دەکات و هۆشداری دەدات کە هێشتا هێزەکانی تاران توانای سەربازییان لەدەست نەداوە. هاوکات لەگەڵ قەیرانی وزەدا، ئاشکرای دەکات کە وڵاتەکەی ملیۆنان بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیژی دەردەهێنێت و جەختیش دەکاتەوە کە داخرانی گەرووی هورمز نابێتە هۆی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا.

چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرنجی خستە سەر پێشهاتەکانی جەنگی دژی ئێران و جەختی لە پێویستیی ڕوونکردنەوە و دیاریکردنی ئامانجە سەربازی و سیاسییەکانی ئەو جەنگە کردەوە.

سەرۆکی فەرەنسا هۆشدارییەکی توندی دا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی پێشوەختە بۆ شکستپێهێنانی تاران و ڕایگەیاند، سەرەڕای گورزە سەربازییەکان، بەڵام هێرشەکان نەیانتوانیوە بە تەواوی تواناکانی ئێران لەناو ببەن و هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە هێشتا نەبووەتە سفر.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بەو قەیرانە جیهانییەی وزە کە بەهۆی ململانێکانەوە دروست بووە، ماکرۆن باسی لە هەنگاوەکانی پاریس کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمبوونی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا و ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی پلانی هاوبەشی وڵاتاندا بۆ بەکارهێنانی یەدەگە ستراتیژییەکان، پشکی فەرەنسا لەم هەنگاوەدا بریتییە لە 14 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی نرخەکان و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر ئابووریی وڵاتەکەی.

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند هیچ بەڵگەیەکی لەبەردەستدا نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی چاندنی مین لە گەرووی هورمز، لە لایەن ئێرانەوە

سەبارەت بە لێکەوتە جیۆپۆلەتیکییەکانی جەنگەکە و ئەگەری بەکارهێنانی قەیرانی وزە وەک کارتێکی فشار، سەرۆکی فەرەنسا هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی خستەڕوو. ماکرۆن بە ڕاشکاوی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو تەنگژەیەی بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە هاتووەتە ئاراوە، بە هیچ شێوەیەک پاساو نییە و نابێتە هۆی کەمکردنەوە یان هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون. بەمەش پەیامێکی ڕوونی دا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرەڕای قەیرانی نەوت و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سازش لەسەر سیاسەتەکانیان بەرامبەر مۆسکۆ ناکەن.