نوێنەری ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران هێرشکردنە سەر ئێمەی هەڵبژارد
محەممەد ئەبو شەهاب، نوێنەری هەمیشەیی ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئێران "هێرشکردنە سەر ئێمەی هەڵبژارد"، و جەختیشی کردەوە کە دەوڵەتی ئیمارات "هەوڵی پەرەپێدانی گرژییەکان نادات".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، محەممەد ئەبو شەهاب لە لێدوانێکدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش گوتی: ئێران هێرشکردنە سەر ئێمەی هەڵبژارد، بەڵام ئێمە بەدوای پەرەپێدانی گرژییەکاندا ناگەڕێین،هەموو ڕێکارێک بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆمان دەگرینە بەر، و بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیمارات هێرشە ئێرانییەکانیان پووچەڵ کردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، هیچ هێزێک نییە بتوانێت مۆدێلی ئیمارات کە لەسەر بنەمای لێبوردەیی دامەزراوە، بگۆڕێت، سەرکردایەتی ئیمارات ئەوەی روونکردووەتەوە کە کاری لەپێشینەی، بریتییە لە سەلامەتی و ئاسایشی هەموو تاکێکی وڵات.
ئەبو شەهاب، باسی لەوە کرد، ئیمارات ئارەزووی ئەم ململانێیە ناکات، بە هەموو شێوەیەک کارمان کردووە بۆ دوورکەوتنەوە لەم بابەتە و دەمانویست دۆخەکە پەرە نەسێنێت و بەرەو دیالۆگ بچین.
جەخت لەوە دەکاتەوە، هیچ گومانێک نییە کە ئێمە هەموو رێکار و هەنگاوە پێویستەکان دەگرینە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەری و پاراستنی خاکەکەمان، هەروەها دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و دانیشتووانمان، ئەمەش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.