ترەمپ: ئامانجمان کردنەوەی گەرووی هورمز و بە پەلە دابەزاندنی نرخی نەوتە
سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەخت لە بەردەوامیی پرۆسە سەربازییەکان دەکاتەوە. هاوکات دەڵێت: هەرچەندە کاتی کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە نادیارە، بەڵام ئامانجی سەرەکییان سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە و دابەزاندنی نرخی نەوتە لە رێگەی کۆنترۆڵکردنەوەی گەرووی هورمز و لەناوبردنی تەواوەتیی ژێرخانی سەربازیی تاران.
بەرەبەیانیی چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەو جەنگەی کە دژی ئێران هەڵگیرساوە. دەشڵێت: هەرچەندە وادەی کۆتاییهاتنەکەی تا ئێستا دیار نییە.
ترەمپ لە قسەکانیدا ئاماژەی بە قەبارەی زیانەکانی سەر ئێران کرد و گوتی: "ئێمە دەزانین چی دەکەین، تا ئێستا چەندین شوێنی ستراتیژیمان لە ئێران بۆردومان کردووە و بەردەوامیشین لە وێرانکردنی ئەو وڵاتە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ حکوومەتی ئێران زۆر قورس دەبێت بتوانێت جارێکی دیکە وڵاتەکەی بونیاد بنێتەوە، چونکە گورزەکان زۆر توند و وێرانکەر بوون.
لە رووی توانای سەربازییەوە، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، کە ئێران ئێستا هیچ هێزێکی دەریایی و ئاسمانیی نەماوە و تەواوی سیستەمە بەرگرییەکانی لەکار کەوتوون، تەنانەت توانای مووشەکیشیان لەدەست داوە.
لە پاڵ رەهەندە سەربازییەکان، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگەکە و پەیوەندیی بە بازاڕی وزەوە. هاوکات رایگەیاند: کە ئەمریکا ستراتیژییەتی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی بە خێرایی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە بەهێزەوە کار دەکەین بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، کە ئێستا ئێرانییەکان رێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەکەن تێیدا. دەبێت ئەم جەنگە زۆر زوو ببەینەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت سەقامگیر بێت و دابەزێت."