هەواڵگریی ئەمریکا رەتی دەکاتەوە حکوومەتی ئێران بەم زووانە برووخێت
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، سەرەڕای فشارەکان، پێشبینی ناکرێت حکوومەتی ئێران بەم زووییە بڕووخێت؛ ئاماژە بەوەش کراوە، سەرکردایەتیی تاران هێشتا توانای تەواوی بەسەر ناوخۆی وڵاتەکەدا هەیە.
ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە راپۆرتێکدا لەسەر زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار و بەرپرس لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان دەریانخستووە حکوومەتی ئێران ئێستا لەژێر هەڕەشەی رووخانی دەستبەجێدا نییە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، سەرکردایەتیی ئێران هێشتا بە چالاکی ماوەتەوە و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە مەترسیدا نین.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرەڕای بوونی ئاستەنگەکان، حکوومەت و سەرکردایەتیی ئێران خاوەنی توانایەکی ئەوتۆن کە بتوانن کۆنترۆڵی دۆخی ناوخۆیی و گەلی وڵاتەکە بکەن و رێگری لە هەر هەرەسهێنانێکی سیاسی یان ئەمنی بگرن.
هاوکات، رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە، هیچ دڵنیاییەک لە ئارادا نییە ئەو جەنگ و ململانێیەی ئێستا لە دژی ئێران و هێزە وەکالەتدارەکانی دەستیپێکردووە، ببێتە هۆکاری رووخانی رژێمی سیاسی لە تاران.
ئەم تێڕوانینە نوێیەی هەواڵگریی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی ناوچەکە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی، بەڵام واشنتن پێیوایە پێکهاتەی دەسەڵات لە تاران هێشتا سەقامگیرە.