رووسیا بەهۆی جەنگەوە بەشێک لە کارمەندەکانی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر کشاندەوە

(وێنە؛ ئەرشیف وێستگەی بوشەهر لە ساڵی 2010)
(وێنە؛ ئەرشیف وێستگەی بوشەهر لە ساڵی 2010)

بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، کۆمپانیای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رووسیا (ڕۆساتۆم) چۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە کارمەندەکانی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە باشووری ئێران راگەیاند.

ئەلێکسی لیخاچۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای رۆساتۆم ئاشکرای کرد، لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە، پرۆسەی چۆڵکردنی کارمەندەکان لە دوو قۆناخدا ئەنجامدراوە. لە قۆناخی یەکەمدا کارمەندە ناپێویستەکان و خێزانەکانیان گواستراونەتەوە، و لە قۆناخی دووەمدا 150 کارمەندی دیکە وێستگەکەیان جێهێشتووە.

بەهۆی داخرانی ئاسمانی ئێران، کارمەندە رووسییەکان لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سنوورەکانی ئەرمینیا گواستراونەتەوە و لەوێوە گەڕاونەتەوە بۆ مۆسکۆ. ئێستا تەنیا 450 پسپۆڕی رووسی لە وێستگەکەدا ماونەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە تەکنیکییە هەستیارەکان و پاراستنی ریاکتۆرەکە.

هەرچەندە وێستگەی بوشەهر تا ئێستا نەکراوەتە ئامانجی راستەوخۆ، بەڵام لیخاچۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە دووری چەند کیلۆمەترێک لە ناوچەی پاراستنی فیزیکی وێستگەکە بیستراوە. رووسیا هۆشداری دەدات هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم دامەزراوەیە دەبێتە هۆی کارەساتێکی ئەتۆمی ناوچەیی هاوشێوەی "چێرنۆبیل"، کە کاریگەرییەکانی زۆر لە سنوورەکانی ئێران تێدەپەڕێت و دەگاتە وڵاتانی دراوسێ و کەنداوی فارس.

وێستگەی بوشەهر تاکە وێستگەی ئەتۆمی کارپێکراوی ئێرانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. پڕۆژەکە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە دەستیپێکرد، بەڵام دوای شۆڕشی 1979 پەککەوت. لە ساڵی 1995 رووسیا تەواوکردنی پڕۆژەکەی گرتە ئەستۆ و لە ساڵی 2011 بە تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە بەستراوەتەوە.

ئەم کشانەوەیەی کارمەندە رووسییەکان لە کاتێکدایە رۆساتۆم سەرپەرشتی دروستکردنی دوو یەکەی نوێی وزە لە وێستگەکە دەکات. شارەزایان پێیان وایە کەمبوونەوەی ژمارەی پسپۆڕان و ناسەقامگیری دۆخە ئەمنییەکە، دەبێتە هۆی دواکەوتنی پڕۆژەکانی فراوانکردنی توانای ئەتۆمی ئێران و سستبوونی کارە تەکنیکییەکان.

لە کاتێکدا تاران هەوڵدەدات وێستگەکە وەک سەرچاوەیەکی سڤیلی وزە بپارێزێت، بەڵام پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان بوشێهری خستووەتە ناو بازنەی مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی و مرۆییەوە.