دیپلۆماتکارێکی ئێرانی برینداربوونی رێبەری نوێی وڵاتەکەی پشتراستکردەوە
سەرچاوە میدیاییەکان زانیاری نوێ لەسەر تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا دەکەن و رایدەگەیەنن؛ ناوبراو لە یەکەم رۆژی دەسپێکی شەڕ و لەو هێرشە ئاسمانییەی بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی، تووشی برینداربوون هاتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی راگەیاندووە؛ موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵ، لەو هێرشەدا قاچی شکاوە و چەند برینێکی سووکی دیکەی لە دەموچاویدا هەبووە، بەتایبەت لە دەوری چاوی چەپی کە تووشی کێشە بووە.
لە هەمان چوارچێوەدا، عەلی ڕەزا سالاریان، باڵیۆزی ئێران لە قوبرس، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، برینداربوونی موجتەبا خامنەیی پشتڕاستکردەوە. سالاریان ئاماژەی بەوە کرد، رێبەری نوێ لە هەمان ئەو هێرشەدا بریندار بووە کە تێیدا عەلی خامنەیی و پێنج ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەیان کوژراون.
باڵیۆزەکە ڕوونیشیکردەوە، هۆکاری دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی لە میدیاکان و پێشکەش نەکردنی وتار دوای دەستبەکاربوونی، دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی باری تەندروستی و برینداربوونی، گوتیشی: "پێموانییە ئێستا لە دۆخێکدا بێت بتوانێت وتار پێشکەش بکات."
لەلایەکی دیکەوە، یوسف پزیشکیان، کوڕی سەرۆک کۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ئیسنا" ئاماژەی بەوە کردووە دەنگۆی برینداربوونی خامنەیی گەیشتووەتە ئەوان، بەڵام هەوڵیدا دۆخەکە ئاسایی نیشان بدات و رایگەیاند: "ڕێبەری نوێ تەندروستی باشە و هیچ نیگەرانییەک لە ئارادا نییە."
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە موجتەبا خامنەیی پلەی باڵای ئایینی نییە، بەڵام خاوەنی نفوزێکی بەهێزە لەناو سوپای پاسداران و ناوەندە ئابوورییەکانی رژێمدا. پێشبینیش دەکرێت لە رووی سیاسییەوە توندڕەوتر لە باوکی دەربکەوێت و سیاسەتە رادیکاڵەکانی تاران توندتر بکاتەوە.