تاران: هیچ ئاسانکارییەک بۆ کەشتییە نەوتییەکانی هیندستان لە گەرووی هورمز نەکراوە

سەرچاوەیەکی هیندی ئاشکرای دەکات، تاران رەزامەندی نیشانداوە کە رێگە بە کەشتی و کەشتییە نەوتییەکانی وڵاتەکەی بدات بەبێ ئاستەنگ لە گەرووی هورمز تێپەڕبن، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەو هەواڵە رەتدەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە هیچ بڕیارێکی نوێ لەو بارەیەوە نەدراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری هیندییەوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی تاران بەڵێنیان داوە ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی ئەو کەشتییە نەوتییانە بکەن کە ئاڵای هیندستانیان لەسەرە و بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.

لە بەرانبەردا، سەرچاوەیەکی فەرمیی ئێرانی بۆ هەمان ئاژانس لێدوانی داوە و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ جۆرە رێککەوتنێکی لەو شێوەیە بۆ جیاکردنەوەی کەشتییەکانی هیندستان لە وڵاتانی دیکە بوونی نییە.

 بۆ وڵاتێکی وەک هیندستان، کە یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی نەوت لە جیهاندا و پێویستییەکی زۆری بە وزەی کەنداو هەیە، دابینکردنی رێگەیەکی ئارام بۆ کەشتییەکان لەم گەرووەدا بایەخێکی ستراتیژی هەیە. هەر جۆرە رێگرییەک یان زیادبوونی تێچووی دڵنیایی لەم ناوچەیەدا، راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و لێدانی سەقامگیریی ئابووریی هیندستان، هەر ئەمەش وایکردووە نیودەلهی لە هەوڵی بەردەوامدا بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناو جەرگەی ململانێکانی تاران و واشنتن.