کونسوڵی ئێران لە هەولێر: خیانەتی نێودەوڵەتیمان لێ کراوە
کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر دەڵێت، شەڕیان بەسەردا سەپێنراوە و خیانەتی نێودەوڵەتییان لێ کراوە، چونکە لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشیان کراوەتە سەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆتا گەڕی دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جنێڤی سویسرا، خیانەتی نێودەوڵەتییان لێ کراوە و هەموو هێڵە سوورە نێودەوڵەتییەکان بەزێنراون.
ئەسەدی جەختی کردەوە، شاندی دانوستانکاری ئێران لەسەر داوای وڵاتانی ناوچەکە جارێکی دیکە دەستی بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکادا کردەوە، سەرەڕای ئەوەی متمانەیان بە بەرپرسانی واشنتن نەبووە و وەک خۆی گوتی "بە درێژایی مێژوو ئەمریکا لە دانوستانەکاندا راستگۆ نەبووە".
لەبارەی دۆخی ئێستای ناوچەکەش، کونسوڵی گشتیی ئێران دووپاتی کردەوە، سەرەتا ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتەکەی و شەڕیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەگەرنا خوازیاری شەڕ نەبوون و بە هەموو توانایەک بەرگری لە خۆیان دەکەن. دووپاتیشی کردەوە، "شەڕ و دانوستان لە هیچ کاتێکدا پێکەوە ناکرێن".
ئەسەدی گوتی "ئەم جەنگەی ئێستای دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا لە دژی ئێمە نییە، بەڵکوو لە دژی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و دانوستانە نێودەوڵەتییەکانە، چونکە جارێکی دیکە لە کاتێکدا شاندی دانوستانکارمان سەرقاڵی گفتوگۆکان بووە لەگەڵ شاندی ئەمریکی، هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەمان، لە کاتێکدا بڕیار بوو گەڕی دیکەی دانوستانیش بەڕێوە بچن".
کونسوڵی ئێران لە هەولێر باسی لەوەش کرد، لە رۆژی یەکەمی جەنگەکە ئەمریکا و ئیسرائیل قوتابخانەیەکی منداڵانیان بۆردوومان کردووە و بەوهۆیەوە زیاتر لە 100 قوتابی کوژراون. وەک خۆی گوتی "ئەم رووداوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تەنانەت لەنێوخۆی ئەمریکاشدا دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە".