عەسایب ئەهلی حەق: هەوڵێک هەیە بۆ راکێشانی عێراق بەرەو جەنگێکی نوێ

لۆگۆی عەسایب ئەهلی حەق
لۆگۆی عەسایب ئەهلی حەق

بزووتنەوەی عەسایب ئەهلی حەق، هێزە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بە ئەنجامدانی هێرشێکی "ناپاکانە" بۆ سەر بارەگایەکی فەرمیی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری سووریا تۆمەتبار دەکات و هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی ئەم پێشێلکارییانە ئامانج لێی سەپاندنی واقیعێکی سەربازیی نوێیە لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، بزووتنەوەی عەسایب ئەهلی حەق بەیاننامەیەکی توندی لەبارەی بۆردومانکردنی بارەگای لیوای 19ی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە شاری عەکاشات، کە کەوتووەتە رۆژئاوای عێراق و سەر سنووری سووریا، بڵاوکردەوە.

عەسایب ئەهلی حەق رایگەیاند، ئەم هێرشە کە بە "دەستدرێژیی ئیسرائیلی-ئەمریکی" ناوی بردووە، بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حەشدی شەعبی. بزووتنەوەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم بارەگایە شوێنێکی سەربازیی فەرمییە و ئەرکەکەی پاراستنی سنوورەکانی عێراقە، بۆیە هەر هێرشێک بۆ سەری، بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراق و سووکایەتیکردن بە خوێنی عێراقییەکان" دادەنرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، عەسایب ئەهلی حەق داوایەکی بەپەلە ئاراستەی حکوومەتی عێراق دەکات و دەڵێت: "پێویستە حکوومەت رێکاری دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ سەپاندنی سەروەریی تەواو بەسەر ئاسمان و خاکی وڵاتدا". هەروەها جەخت دەکەنەوە کە نابێت رێگە بە هیچ هێزێکی بیانی بدرێت ئاسمانی عێراق بۆ هیچ کردەوەیەکی سەربازی بەکاربهێنێت، "لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت".

بزووتنەوەکە هۆشدارییەکی توندیش دەدات و دەڵێت، بەردەوامیی ئەم جۆرە هێرشانە نیشانەیەکە بۆ راکێشانی عێراق بەرەو "جەنگێکی نوێ" کە گەل و هێزە نیشتمانییەکان رەتی دەکەنەوە. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە خوێنی شەهیدان دەبێتە پاڵنەرێک بۆ یەکخستنی هەڵوێستی نیشتیمانی و پاراستنی کەرامەتی وڵات.