گەنجینەی ئەمریکا: بە شێوەیەکی کاتی رێگە بە فرۆشتنی نەوتی رووسیا دەدەین

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی بیانی، سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەتێکی گشتیی نوێی دەرکرد کە رێگە بە فرۆشتن و گەیاندنی ئەو نەوتە خاوە و بەرهەمە نەوتییانەی رووسیا دەدات کە پێش 12ـی ئاداری 2026 بارکراون. ئەم بڕیارە وەک وادەیەکی کاتی تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی نیسان کاری پێدەکرێت، بەڵام بە توندی هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئێران قەدەغە دەکات.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی بیانی، سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەڵگەنامەیەکی فەرمیی لەژێر ناوی "مۆڵەتی گشتیی ژمارە 134" دەرکرد، کە تێیدا رێگە بە گەیاندن و فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا دەدات لەژێر مەرج و وادەیەکی دیاریکراودا.

بەپێی بڕیارەکە کە لە رێکەوتی 12ـی ئاداری 2026 واژۆ کراوە، حکوومەتی ئەمریکا رێگە دەدات بە فرۆشتن، گەیاندن، یان بەتاڵکردنەوەی ئەو کەشتییانەی کە نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیایان هەڵگرتووە، بەو مەرجەی پێش پێنجشەممە 12ـی ئادار، بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا  بارکرابێتن. ئەم مۆڵەتەش وەک وادەیەکی کاتی تەنیا تاوەکوە 11ـی نیسانی 2026 کاری پێدەکرێت.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم مۆڵەتە ئەو مامەڵانە دەگرێتەوە کە زۆر پێویستن بۆ پرۆسەکانی فرۆشتن و بەتاڵکردنەوەی نەوتەکە. لە نێو ئەو کارانەی کە رێگەیان پێدراوە بریتین لە؛ لەنگەردانی سەلامەتی کەشتییەکان، پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی تیمی کەشتیوانان، چاککردنەوەی بە پەلە، ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کەشتییەکان، خزمەتگوزارییەکانی تۆمارکردن، بیمە (دڵنیایی)، و ڕزگارکردنی کەشتییەکان.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بڕگەی (ب)ـی بەڵگەنامەکەدا بە توندی هۆشداری داوە کە ئەم مۆڵەتە گشتییە بە هیچ شێوەیەک ئەو مامەڵە و چالاکییانە ناگرێتەوە کە لە لایەن فەرمانە کارگێڕییەکانی دیکەوە قەدەغە کراون. بەتایبەتی جەخت کراوەتەوە کە ئەم بڕیارە هیچ جۆرە مامەڵە و چالاکییەک ناگرێتەوە کە پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، حکوومەتی ئێران، یان هەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکی ئێرانییەوە هەبێت، و سزاکانی سەر تاران وەک خۆیان بەردەوام دەبن و ئەم لێخۆشبوونە کاتییە نایانگرێتەوە.