ترەمپ: ئێران تا ئێستا زیاتر لە هەزار مووشەکی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کردووە
سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا زانیاریی لەسەر چارەنووسی موجتەبا خامنەیی ئاشکرا دەکات و جەخت لە تێکشکاندنی یەکجاریی هێزی دەریایی ئێران دەکاتەوە، هاوکات هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی درۆنی ئەو وڵاتە دەکات و دەڵێت: "ئەوەی ئێمە کردوومانە، لە توانای هیچ کەسێکی دیکەدا نییە."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، تیشکی خستە سەر چارەنووسی موجتەبا خامنەیی و رایگەیاند، کە پێی وایە لە ژیاندا ماوە، بەڵام بە سەختی بریندارە.
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نوێ کردەوە و ئاشکرای کرد، کە لە قۆناغی داهاتوودا، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لەو وڵاتە دەکەنە ئامانج.
هەروەها بە متمانەەیکی زۆرەوە ڕایگەیاند: "هێزی دەریایی ئێرانمان بە تەواوی لەنێو بردووە و هیچ شتێک نەماوەتەوە کە مایەی مەترسی و ترس بێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باس لە رۆڵی ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی کرد لە سنووردارکردنی هەژموونی ئێران و گوتی: "ئەگەر هێرشەکانی ئێمە نەبووایە، ئەوا بێگومان ئێران دەستی بەسەر تەواوی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگرت."
ئاماژەی بەوەش دا، کە تاران تا ئێستا نزیکەی هەزار و 200 مووشەکی ئاراستەی وڵاتانی جیاوازی ناوچەکە کردووە.
ترەمپ ستایشی هەنگاوەکانی ئیدارەکەی و سوپای وڵاتەکەی کرد و بە متمانەوە رایگەیاند: "ئەو کارەی ئێمە کردوومانە، لە توانای هیچ کەس و وڵاتێکی دیکەدا نییە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.