کرێملین: جیهان ناتوانێت دەستبەرداری نەوتی ڕووسیا بێت

راوێژکاری ئابووری کرێملین ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت ئەمریکا دان بەو راستییەدا بنێت، بەبێ نەوتی رووسیا بازاڕی جیهانیی وزە سەقامگیر نابێت.

ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، کیریل دیمیترییڤ، راوێژکاری ئابووریی کرێملین، رۆژی هەینی رایگەیاند کە بازاڕی جیهانیی وزە "ناتوانێت بە سەقامگیری بمێنێتەوە" بەبێ نەوتی ڕووسیا.

ئەم لێدوانانەی ناوبراو دوای ئەوە هات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند بە شێوەیەکی کاتی ڕێگە بە فرۆشتنی ئەو نەوتە ڕووسییە دەدات کە لە ناو دەریاکاندا ماوەتەوە، ئەمەش لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانی وزە بەهۆی ئەو جەنگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بۆ سەر ئێران هەڵیانگیرساندووە.

دیمیترییڤ لە تێلیگرام نووسیویەتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دان بە راستییەکەدا دەنێت: بەبێ نەوتی ڕووسیا، بازاڕی جیهانیی وزە ناتوانێت بە سەقامگیری بمێنێتەوە."

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی بیانی، سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەڵگەنامەیەکی فەرمیی لەژێر ناوی "مۆڵەتی گشتیی ژمارە 134" دەرکرد، کە تێیدا رێگە بە گەیاندن و فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا دەدات لەژێر مەرج و وادەیەکی دیاریکراودا.

بەپێی بڕیارەکە کە لە رێکەوتی 12ـی ئاداری 2026 واژۆ کراوە، حکوومەتی ئەمریکا رێگە دەدات بە فرۆشتن، گەیاندن، یان بەتاڵکردنەوەی ئەو کەشتییانەی کە نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیایان هەڵگرتووە، بەو مەرجەی پێش پێنجشەممە 12ـی ئادار، بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا  بارکرابێتن. ئەم مۆڵەتەش وەک وادەیەکی کاتی تەنیا تاوەکوە 11ـی نیسانی 2026 کاری پێدەکرێت.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم مۆڵەتە ئەو مامەڵانە دەگرێتەوە کە زۆر پێویستن بۆ پرۆسەکانی فرۆشتن و بەتاڵکردنەوەی نەوتەکە. لە نێو ئەو کارانەی کە رێگەیان پێدراوە بریتین لە؛ لەنگەردانی سەلامەتی کەشتییەکان، پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی تیمی کەشتیوانان، چاککردنەوەی بە پەلە، ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کەشتییەکان، خزمەتگوزارییەکانی تۆمارکردن، بیمە (دڵنیایی)، و ڕزگارکردنی کەشتییەکان.