ئەکسیۆس: ترەمپ پێشنیازێکی پوتن بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێران بۆ رووسیا رەت دەکاتەوە
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی ڤلادیمێر پوتنی رەت کردووەتەوە کە تایبەت بووە بە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ رووسیا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی رووبەڕووی تاران بووەتەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی، راپۆرتێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو پێشنیازەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیای رەتک ردووەتەوە کە تیایدا داوای کردبوو یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بگوێزرێتەوە بۆ رووسیا، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی پێشبینیکراودا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەرپایان کردووە.
بە پێی راپۆرتەکە، پوتن ئەم پێشنیازەی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ لەم هەفتەیەدا خستبووە روو. هەروەها ئەم پێشنیازەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە پێشتر رووسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، ئەگەر بێتو لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە بگەنە رێککەوتن.
پێشتر و لە 19ـی شوباتی رابردوودا، ئاژانسی ئینتەرفاکسی رووسی لە زاری ئەلێکسی لیخاچۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەتۆمیی حکومیی رووسیا، بڵاوی کردبووەوە، کە رووسیا ئامادەیە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێرانەوە وەربگرێت، ئەگەر رێککەوتنی لەسەر بکرێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، کە پێشنیازی گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێران بە مەبەستی رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکا هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە، بەڵام جەختی لەوەش کردبووەوە کە بڕیاری کۆتایی لە دەستی تاراندایە.