نیویۆرک تایمز: هێرشەکەی سەر دوورگەی خارگ بەشێکی زۆری هەناردەی نەوتی راگرتووە
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، میدیایەکی ئێران بڵاوی کردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی 'خارگ' هیچ زیانێکی بە ژێرخانی نەوتی ئەم دوورگەیە نەگەیاندووە.
ئاژانسی هەواڵی فارس، لە زاری جەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوورگەی خارگ لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی کراوەتە سەر و زیاتر لە 15 تەقینەوە بیستراوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەم هێرشانەدا هیچ کام لە ژێرخانی نەوت زیانیان بەرنەکەوتووە.
هەروەها نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی ئێران بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکەی سەر دوورگەی خارگ بەشێکی زۆری هەناردەی نەوتی راگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکەی سەر دوورگەکە گەورە و وێرانکەر بووە، بەشێوەیەک وەکو بوومەلەرزە وابووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی 'ترو سۆشیاڵ' نووسیویەتی، چەند ساتێک لەمەوبەر، لەسەر فەرمانی من، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا یەکێک لە بەهێزترین هێرشە ئاسمانییەکانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدا، بە تەواوی هەموو ئامانجە سەربازییەکانی سەر 'گەوهەری تاج'ـی ئێران، دوورگەی خارگی لەناوبرد، دەشڵێت، تا ئێستا چەکەکانمان بەهێزترین و پێشکەوتووترینن کە جیهان ناسیبێتی.
ئاماژەی بەوەشدا، من نەمهێشتووە ژێرخانی نەوتی ئەو دوورگەیە لەناو ببرێت، بەڵام ئەگەر ئێران، یان هەر لایەنێکی دیکە هەر کارێک بکات کە رێگری بکات لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە ئازادی و سەلامەتی بەناو گەرووی هورمزدا، دەستبەجێ بەو بڕیارەدا دەچمەوە.