ئەکسیۆس: ئێران وەڵامی خۆی لەبارەی پێشنیازەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەست کرد

لە پێشهاتێکی سیاسیی گرنگدا، ئێران لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامی مەرجەکانی ئەمریکای بۆ رێککەوتنی ئاشتی رادەست کرد. لە کاتێکدا تاران جەخت لە کارە لە پێشینەکانی بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی دەکاتەوە، هاوکات گومانی خۆی لە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکی نیشان دەدات. 

هەینی 1ـی ئایاری 2026، ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی لە ناوچەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئێران دوێنێ پێنجشەممە لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە، وەڵامی فەرمیی خۆی سەبارەت بە دوایین هەموارکردن و مەرجەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، گەیاندە واشنتن.

هەروەها ئەو پێگە ئەمریکییە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوەش کردووە، رۆژی دووشەممەی رابردووە، ستیڤ ویتکۆڤ، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لیستێک لە مەرجە هەموار کراوەکانی بۆ ئێران ناردووە، کە جەخت لەسەر دووبارە جێکردنەوەی پرسی ئەتۆمی لە نێو دەقی رەشنووسی رێککەوتنەکەدا دەکاتەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکیش باسی لەوە کردووە، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەی داوا لە ئێران دەکات، بە هیچ شێوەیەک هەوڵ نەدات ئەو یۆرانیۆمەی لە ژێر داروپەردووی دامەزراوە بۆردوومانەکان دایە، بگوازیتەوە یان هیچ جۆرە چالاکییەک بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بکات، تا ئەو کاتەی دانوستانەکان بەردەوام دەبن.

هەروەها بەپێی ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا)، ئێران دەقی نوێترین پێشنیازی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا رادەستی ناوبژیوانی پاکستانی کردووە.

ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، ئەم پێشنیازە ئێوارەی پێنجشەممە رادەست کراوە و ئامانج لێی هەوڵدانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

لەم بارەیەوە ئیرنا لە زاری ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رایگەیاندووە، لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئەمریکا، پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام لە کارە لە پێشینەکانی تارانە.

هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند؛ ئەگەرچی چەندین وڵات ویستی هاوکارییان نیشان داوە، بەڵام پاکستان وەک کەناڵی فەرمیی ناوبژیوانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ماوەتەوە.

بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، هەر جۆرە دانوستانێک هەبێت بەڕوونی رایدەگەیەنن، بەڵام هۆشداریدا لەوەی نابێت متمانە بە لێدوان و تویتەکانی لایەنی ئەمریکی بکرێت، چونکە بە گوتەی ئەو، زۆر جار بۆ چەواشەکردنی رای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەکەی باس لە بوونی دانوستان و هەوڵی ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەکەن، بەڵام تا ئێستا تاران بەفەرمی ئەم بابەتەی رەت کردووەتەوە.