کەناڵ 12ـی ئیسرائیل: دانوستان شکست بهێنێت ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی وزەی ئێران
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، حکوومەتی تەلئەڤیڤ لە چاوەڕوانی ئەوەدایە ئەمریکا بە فەرمی شکستی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران.
پێنجشەممە 30ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، بەشێک لە ئیدارەی حکوومەتی ئیسرائیل پێیان وایە واشنتن گڵۆپی سەوزی بۆ ئامانجکردنی دامەزراوەکانی گاز و ژێرخانی ئابووریی ئێران هەڵکردووە، هەروەها ئەمەش وەکوو دەرفەتێک دەبینن بۆ کۆتایی هێنان بە هەژموونی ئێران بە تەواوەتی لە ناوچەکە.
لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کردووە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی بۆ وەشاندنی شەپۆلێکی هێرشی "کورت و بەهێز" بۆ سەر ئێران ئامادە کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانەکە تەنیا بۆردومان نییە، بەڵکو ئەگەری کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە "گەرووی هورمز"یشی تێدایە بە مەبەستی کردنەوەی رێڕەوەکە بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا.
لە بەرانبەردا، بەرپرسانی تاران توندترین هەڕەشە دەکەن، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن وڵاتەکەیەوە، داهاتووی ناوچەکە لە بوونی ئەمریکا پاک دەکاتەوە.
هاوکات، مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران هۆشداری دا هەر هێرشێکی ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت، بە "لێدانی درێژخایەن و بەئازار" بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وەڵام دەدرێتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دەدات بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ئاڵۆزییانە بوونەتە هۆی:
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا.
پەککەوتنی 20%ـی پێداویستیی وزەی جیهان بەهۆی داخرانی رێڕەوە ئاوییەکان بۆ ماوەی دوو مانگ.
ئەمریکا هەوڵ دەدات لە رێگەی گەمارۆیەکی دەریایی توندەوە، رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکات کە شا دەماری ئابووری ئەو وڵاتەیە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، جیهان لە ترسی سستبوونی ئابووری و هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا، چاوی بڕیوەتە ئاکامی ئەم گرژییە سەربازی و دیپلۆماسییانەی لە نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران هەیە.