123 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی مەلا مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت

 123 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، مەلا مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت.

ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان، یادی 123 ساڵەی لەدایکبوونی باوکی نەتەوەیی کورد و رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، مەلا مستەفا بارزانی دەکەنەوە. سەرکردەیەک کە تەواوی تەمەنی خۆی بۆ خەبات، تێکۆشان و بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد تەرخان کرد و بووە سیمبولی کۆڵنەدان لە مێژووی نوێی کوردستاندا.

مەلا مستەفا کوڕی شێخ محەممەد بارزانییە، رۆژی 14ـی ئاداری ساڵی 1903 لە گوندی بارزان لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ دایکی (خەدیجە خان) خراوەتە زیندانەکانی مووسڵ و ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەری تاقیکردووەتەوە. ئەم ستەمە زووە، بووە هەوێنی دروستبوونی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و کۆڵنەدەر کە دواتر مێژوویەکی زێڕینی بۆ نەتەوەکەی تۆمار کرد.

بارزانیی نەمر لە زۆربەی شۆڕش و راپەڕینەکانی سەدەی بیستەمدا لە کوردستان رۆڵی سەرەکی گێڕاوە. لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد (1946) وەک ژەنەڕاڵ و فەرماندەی هێزی پێشمەرگە دەستنیشان کرا و بەرگرییەکی بێوێنەی لە کۆمارەکە کرد.

 پاش رووخانی کۆمارەکەش، لە داستانی مێژوویی پەڕینەوەی رووباری ئاراسدا، بە یاوەری نزیکەی 500 پێشمەرگەی قارەمان، بەناو سوپای سێ دەوڵەتدا (عێراق، ئێران، تورکیا) رێگەیەکی سەخت و پڕ مەترسییان بڕی و گەیشتنە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو. ئەم هەنگاوە تا ئەمڕۆش وەک داستانێکی گەورەی سەربازی و سیمبولێکی مەزنی کۆڵنەدان لە مێژوودا دەخوێندرێتەوە.

دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق لە ساڵی 1958 و پاشان سەرهەڵدانەوەی زوڵم و زۆرییەکانی حکوومەتی عێراق دژی کورد، بارزانیی نەمر رابەرایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی کرد کە لە 11ـی ئەیلوولی 1961 هەڵگیرسا.

 ئەم شۆڕشە، گەورەترین و درێژترین شۆڕشی سەرتاسەریی گەلی کورد بوو کە هەموو چین و توێژەکانی کوردستانی (لە موسڵمان، مەسیحی، ئێزیدی، تورکمان و عەرەب) لە ژێر یەک چەتردا کۆکردەوە. بەرهەمی ئەم خەباتە پڕ قوربانییەش، ناچارکردنی حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا بوو بە واژۆکردنی رێککەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970، کە تێیدا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مافی ئۆتۆنۆمی (حوکمی زاتی) بۆ گەلی کورد سەلمێندرا و زمان و کەلتووری کوردی بە فەرمی ناسێندران.

مستەفا بارزانی تەنیا سەرکردەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو قوتابخانەیەکی هزری و نەتەوەیی بوو. ئەو هەمیشە جەختی لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبووردەیی و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کردووەتەوە. 

لە سەردەمی شۆڕشدا، رێسایەکی توندی هەبوو بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی، ژینگە و دیلەکانی جەنگ، بە جۆرێک کە خەباتی کوردی لە هەموو جۆرە توندوتیژییەکی ناڕەوا و تۆقاندنێک بەدوور گرت و سیمایەکی مرۆڤدۆستانە و پێشکەوتووی بە شۆڕشی کورد بەخشی.

مەلا مستەفا بارزانی پاش زیاتر لە نیو سەدە خەبات لە پێناو نەتەوەکەیدا، لە 1ـی ئاداری 1979 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. دواتر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و پاش راپەڕینی بەهاری 1991، لە مەراسیمێکی شکۆداردا هێنرایەوە هەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆی لە دەڤەری بارزان بە خاک سپێردرا.

ئەمڕۆ کە 123 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی ئەو سەرکردە مێژووییەدا تێدەپەڕێت، رێبازی بارزانیی نەمر وەک چرایەکی رووناک بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان ماوەتەوە. ئێستا گەلی کورد و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، بەتایبەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، درێژەپێدەری هەمان ئەو رێبازەن کە ئامانج لێی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چەسپاندنی پێکەوەژیان و بەدەستهێنانی تەواوی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستانە لە عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵدا.