مانگی سووری ئێران: بەهۆی هێرشەکانەوە 160 ناوەندی تەندروستی و 120 قوتابخانە وێران بوون

مانگی سووری ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر چەندین ناوچەی ئێران، زیانی گەورە بە ژێرخانە مەدەنییەکان کەوتووە و سەدان کەسیش بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، مانگی سووری ئێرانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی کردووە، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەتە هۆی زیانگەیاندن و وێرانکردنی 160 ناوەندی تەندروستی و 120 قوتابخانە لە سەرانسەری وڵاتدا. 

مانگی سووری ئێران ئامارێکی قوربانییەکانی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، بەهۆی بۆردومانکردنی قوتابخانەکان، 206 قوتابی و فەرمانبەری کەرتی پەروەردە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە 16 کارمەندی تەندروستی و یەک کارمەندی فریاگوزاری لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی مرۆییاندا کوژراون.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، زیانەکان تەنیا ناوەندە تەندروستی و پەروەردەیییەکان نەگرتووەتەوە، بەڵکو هەزاران باڵەخانەی مەدەنی، لەوانە ماڵی هاووڵاتییان، بازاڕ و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیش بە ئامانج گیراون، کە ئەمەش بووەتە هۆی وێرانبوونی بەرفراوانی ژێرخانی وڵات و بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانیانی مەدەنی.

تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن جەختیان لەوە کردووەتەوە، بە درێژایی شەو و رۆژ لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی قوربانییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان و گەیاندنی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان و خواردن بە زیانلێکەوتووان.

مانگی سووری ئێران لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، بە ئامانجگرتنی ناوەندە پزیشکی و پەروەردەیییەکانی بە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان ناوبردووە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکان کردووە، بەزووترین کات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوەکان دەستتێوەردان بکەن و گەرەنتیی پاراستنی کارمەندانی پزیشکی و تیمەکانی فریاگوزاری لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکەن.