رۆیتەرز: واشنتن و تاران پێشنیازی وڵاتانی ناوچەکە بۆ وەستاندنی جەنگ رەت دەکەنەوە
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کرد، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی رەت کردووەتەوە کە لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە لە ناوچەکە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست خرابوونە روو. لە بەرامبەریشدا تاران رەتی دەکاتەوە بچێتە هیچ دانوستانێکەوە تاوەکو هێرشەکان نەگەنە کۆتایی.
شەممە، 14ـی ئاداری 2026، سێ سەرچاوەی ئاگادار، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان رایگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەو هەوڵانەی رەت کردووەتەوە کە لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدرێن بۆ دەستپێکردنی دانوستانی دیپلۆماسی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی دژی ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانی بە ئاژانسەکەیان گوت: کە تاران بەهەمان شێوە ئەگەری گەیشتن بە هەر جۆرە ئاگربەستێکی رەت کردووەتەوە تا ئەو کاتەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان بەتەواوی دەوەستن.
ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان ئاشکرا کردووە ،کە لە ماوەی رابردوودا، چەندین وڵاتی ناوچەکە و جیهان هەوڵی نێوەندگیرییان داوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، بەڵام هەڵوێستی توندی هەردوو لا رێگر بووە لە سەرکەوتنی ئەو هەوڵانە.
ئەم جەنگە کە ماوەی دوو هەفتەیە بە هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، هێشتا ئاسۆی وەستانی دیار نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.