ئیسرائیل نزیکەی 832 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر تەرخان دەکات
بەهۆی باری نائاسایی و بەردەوامیی شەڕەوە، حکوومەتی ئیسرائیل پرۆژە بڕیارێکی ئامادە کردووە بۆ تەرخانکردنی بڕی نزیکەی 832 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگری بە مەبەستی کڕینی چەک و پێداویستیی سەربازیی هەستیار بۆ ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"، ئەمەش لەسەر حیسابی بڕینی خەرجییە گشتییەکان و کەمکردنەوەی بودجەی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی حکوومەتی ئیسرائیل کە تایبەتە بە لە پێشینەیی خەرجییەکانی حکوومەت بۆ ساڵی 2026، بەهۆی ئەو باری لەناکاوەی وڵاتەکەی تێکەوتووە و بۆ وەڵامدانەوەی خێرای چڕیی شەڕەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" حکوومەت بڕیار دەدات پێداویستییە داراییە بەپەلەکانی وەزارەتی بەرگری دابین بکات
لە بڕگەی یەکەمی بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە؛ بڕی نزیکەی 832 ملیۆن دۆلار بۆ ساڵی 2026 دەدرێتە وەزارەتی بەرگری، بە مەبەستی کڕینی پێداویستیی ئەمنی و سەربازیی نهێنی کە بۆ بەڕێوەبردنی شەڕەکە و پڕچەککردن زۆر پێویستن.
بۆ دابینکردنی ئەم پارەیە و پارەدارکردنی بڕیارەکە، حکوومەتی ئیسرائیل پەنا دەباتە بەر گۆڕانکاریکردن لە یاسای بنەڕەتیی ئابووریی دەوڵەت و کەمکردنەوەی بودجە لە سێکتەرەکانی دیکەدا، بە شێوەیەیەک بڕی نزیکەی 480 ملیۆن دۆلار لەو بودجەیە کەم دەکرێتەوە کە بۆ ساڵی 2026 بۆ دانەوەی سوو و عمولە بانکییەکان تەرخانکرابوو؛ هاوکات بڕی نزیکەی 352 ملیۆن دۆلار لە بودجەی وەزارەتە جیاوازەکانی دیکەی حکوومەت بۆ ساڵی دارایی 2026 کەمدەکرێتەوە، ئەمەش بەپێی خشتەیەکی تایبەت بە کەمکردنەوەی پشکی هەر وەزارەتێک دەبێت.
لە بڕگەی سێیەم ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر یاسای بودجەی دەوڵەت بۆ ساڵی 2026 لە کنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) بە هەر سێ خوێندنەوەکە پەسەند بکرێت، ئەوا ئەو بڕگە تایبەتانەی کەمکردنەوەی بودجە هەڵدەوەشێنرێنەوە، لەبری ئەوە هەمان بڕە نزیکەی 832 ملیۆن دۆلار لە چوارچێوەی بڕیارێکی دیکەی حکوومەت (ژمارە 3970) کە تایبەتە بە ڕووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتە داراییەکانی جەنگی "نەڕەی شێر" و کەمکردنەوەی کورتهێنان، قەرەبوو دەکرێتەوە و دابین دەکرێت.