پێنتاگۆن: 6 سەربازی ئەمریکی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک لە عێراق گیانیان لەدەستدا

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، شەش ئەندامی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سووتەمەنی لەناو خاکی عێراقدا گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز و تەلەفزیۆنی "سی بی ئێس" لە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)ـەوە گواستوویانەتەوە، سەرجەم ستافی فڕۆکە سووتەمەنییەکە کە لە جۆری (KC-135) بووە و ژمارەیان شەش کەس بووە، لە رۆژئاوای عێراق گیانیان لەدەستداوە. ئاماژە بەوەش دراوە فڕۆکەکە لە کاتی بەشدارییکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پەیوەست بە شەڕی دژ بە ئێران کەوتووەتە خوارەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە؛ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و بارودۆخی رووداوەکە بەردەوامە، بەڵام جەختی کردووەتەوە، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی "تەقەی دوژمن یان تەقەی هەڵەی هێزە دۆستەکان" نەبووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ناوی سەربازەکان تا کاتی ئاگادارکردنەوەی فەرمیی خێزانەکانیان بڵاوناکرێتەوە.

هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی باس لەوە دەکەن ئەگەری هەیە رووداوەکە بەهۆی "پێکدادانێکی ئاسمانی"ـیەوە بووبێت، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەی ورد بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی بەردەوامە.

بەم رووداوە، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28 شوباتەوە کوژراون، گەیشتە 13 سەرباز.