جەی دی ڤانس: لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا پێشکەوتن بە دی هاتووە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دادەنرێت. ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا تەواوی بژاردە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی لەبەردەستدایە بۆ رێگریکردن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکیدا تیشکی خستە سەر ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی و گوتی: کە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لەسەر ئاستی جیهان، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.

ڤانس هەڵوێستی ئیدارەکەی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات کردەوە و رایگەیاند: "من بە تەواوی لەگەڵ ترەمپ هاوڕام لەسەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی واشنتن کرد و روونیکردەوە: "ئێستا ئێمە تێوەگلاوین لە پرۆسەیەکی دیپلۆماسیی زۆر چالاک بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێران ئەو چەکە وێرانکەرە بەدەست ناهێنێت."

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە "لەبەردەم ترەمپدا چەندین بژاردەی کراوە هەن، چ لە رووی دیپلۆماسییەوە بێت یان سەربازی.

ڤانس لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گەشبینیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پرۆسە سیاسییەکان ئاشکرا کرد و گوتی: کە "پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئێران بە دی هاتووە.