ئیسرائیل بەدەست کەمیی مووشەکی بەرگرییەوە گرفتارە و داوای هاوکاریی لە واشنتن دەکات

ماڵپەڕی "سیمافۆر"ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئاگاداری واشنتنەوە بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل رووبەڕووی کەمییەکی سیستەمی بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستی بووەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، تەلئەڤیڤ چەند رۆژێک لەمەوبەر واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە کە کەمییەکی گەورە لە جبەخانەی مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانیدا هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل لە بەرەکانی ئێران و لوبنان بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی و ناوچەکەش شاهیدی ئاڵوگۆڕی چڕی مووشەک و درۆنە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئیدارەی ئەمریکا ماوەی چەند مانگێکە بە تەواوی ئاگاداری ئەم لاوازییەی توانای بەرگریی ئیسرائیلە. لەو چوارچێوەیەشدا، بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی راگەیاندووە؛ ئەم کێشەیە چاوەڕوانکراو بووە.

ئەو بەرپرسە جەختیشی کردەوە؛ واشنتن رووبەڕووی قەیرانی هاوشێوە نەبووەتەوە و "هەموو ئەو پێداویستییانەی لەبەردەستە بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکان و کارمەندەکانی لە ناوچەکەدا پێویستن."

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، تەلئەڤیڤ ئێستا بە شێوەیەکی چڕوپڕ بەدوای دۆزینەوەی چارەسەردا دەگەڕێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کورتهێنانە لە جبەخانە بەرگرییەکەیدا. ئەمەش دوای ئەوە دێت، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی رووبەڕووبوونەوەکان، خواست لەسەر مووشەکی بەرگریی بە شێوەیەکی بێوێنە زیادی کردووە.

تاوەکو ئێستا، لایەنە فەرمییەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ هیچ لێدوانێکی فەرمییان بۆ پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوەی ئەم زانیارییانە نەداوە.

جێی ئاماژەیە، ناوچەکە لە 28ـی شوباتەوە شاهیدی پەرەسەندنی سەربازییەکی گەورەیە، ئەوەش دوای ئەو هێرشانەی بوونە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە.