هێزی دەریایی ئەمریکا تەمەنی کۆنترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری خۆی درێژ دەکاتەوە

(کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "نێمیتز")
(کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "نێمیتز")

هێزی دەریایی ئەمریکا بڕیاریدا ماوەی خزمەتکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "نێمیتز" (USS Nimitz CVN-68)، کە کۆنترین کەشتییە لە ئەستوولەکەیدا، بۆ ماوەی 10مانگی دیکە درێژ بکاتەوە. بەمەش کەشتییەکە لەبری مانگی ئایاری 2026، لە مانگی ئاداری 2027 لە خزمەت لادەبرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی "یو ئێس ئای نیوز" (USNI News) کە تایبەتە بە کاروباری دەریایی ئەمریکا، ئەم بڕیارە بەهۆی دواکەوتنی رادەستکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری نوێی "جۆن ئێف کێنیدی" (CVN-79) لە جۆری "فۆرد" دراوە. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە هێزی دەریایی بتوانێت پابەندبێت بەو یاسایەی لە ساڵی 2011 دەرچووە و جەخت دەکاتەوە، پێویستە هەمیشە کەمینەی 11 کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئامادە لەناو ئەستوولەی ئەمریکادا هەبن.

لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، هێزی دەریایی ئەمریکا گرێبەستێکی بە بڕی 96 ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای "نیوپۆرت نیوز شیپبیڵدینگ" واژۆ کردووە بۆ دەستپێکردنی پلاندانان و دابینکردنی کەرەستە پێویستەکان بۆ پرۆسەی لەکارخستن و هەڵوەشاندنەوەی کەشتییەکە، کە بڕیارە لە حەوزی کەشتیسازیی ویلایەتی ڤێرجینیا لە ساڵی 2027 ئەنجام بدرێت.

کەشتیی "نێمیتز" لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو ئەوەی تەواو کرد، پێشبینی دەکرا دوایین ئەرکی سەربازیی بێت، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی روون نەکراوەتەوە ئایا لەم ماوە درێژکراوەیەدا جارێکی دیکە بۆ ئەرکی ئۆپراسیۆنی رەوانەی دەریاکان دەکرێتەوە یان تەنیا وەک یەدەگ دەمێنێتەوە.