زێلێنسکی: ئێران بە درۆنی رووسی هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی دراوسێی

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "شاهد" بۆ تاران دابین دەکات، بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن" (CNN) کە شەوی شەممە بەشێکی بڵاوکرایەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند: "بەکارهێنانی درۆنی شاهدی دروستکراوی رووسیا لەلایەن ئێرانەوە بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و 100% پشتڕاستکراوەتەوە."

ئەم لێدوانانەی زێلێنسکی لە کاتێکدایە، درۆنی "شاهد" کە وەک جێگرەوەیەکی هەرزانی مووشەکە گرانبەهاکان دەبینرێت، لە چەندین هێرشی ناوچەکەدا بەکارهێنراوە. هەرچەندە ئێران لە سەرەتادا پێشەنگ بوو لە پەرەپێدانی ئەم درۆنانەدا، بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، رووسیا لە پاییزی 2022وە بە هەزاران دانەی لە جەنگی دژی وڵاتەکەیان بەکارهێناوە و ئێستا مۆسکۆ خۆی کارگەی بەرهەمهێنانی ئەو درۆنانەی دامەزراندووە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە؛ دوای ئەوەی لە 28ی شوباتدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانیان دژی ئێران دەستپێکرد. کۆشکی سپی هۆکاری هێرشەکەی بۆ بوونی "هەڕەشەی ئەتۆمی و مووشەکیی تاران" گەڕاندەوە.

 لەو هێرشانەدا چەندین سەرکردەی باڵای ئێران کراونەتە ئامانج، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بوو.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک، پرۆسەیەکی سەربازیی بەرفراوانی راگەیاند کە تێیدا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی دراوسێ.