ئیندۆنیزیا.. لە رووداوێکی پێکدادانی شەمەندەفەردا 4 کەس گیانیان لەدەستدا

لە پارێزگای جاڤای ناوەڕاست لە ئیندۆنیزیا، بەهۆی پێکدادانی شەمەندەفەرێک و ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی 4 کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانیان منداڵن. ئەم رووداوەش تەنیا چەند رۆژێک دوای کارەساتێکی دیکەی شەمەندەفەر دێت لە نزیک جاکارتای پایتەخت کە دەیان قوربانی لێکەوتەوە.

رۆژی هەینی 1ی نیسانی 2026، پۆلیسی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، لە پارێزگای جاڤای ناوەڕاست شەمەندەفەرێک خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکدا. ئیکۆ ئاری کیسوۆرۆ، ئەفسەری هاتوچۆی ناوچەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی تەمومژێکی زۆرەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە نەیتوانیوە شەمەندەفەرەکە ببینێت کە لە یەکتربڕێک نزیک بووەتەوە.

بەپێی گوتەی پۆلیس، ئۆتۆمبێلەکە 9 کەسی تێدابووە و دوای پێکدادانەکە نزیکەی 20 مەتر فڕێدراوە و دواتر بەر ستوونێک کەوتووە و لە ناو کێڵگەیەکی برنجدا وەرگەڕاوە. لە ئەنجامی رووداوەکەدا چوار سەرنشین گیانیان لەدەستداوە کە کچێکی تەمەن دوو ساڵان و منداڵێکی دیکەی تەمەن 10 ساڵانیان تێدایە، شۆفێر و سەرنشینەکانی دیکەش برینداربوون.

ئەم رووداوە نوێیە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممەی رابردوو، لە پارێزگای جاڤای خۆرئاوا و لە نزیک وێستگەی "بیکاسی تیمور"، شەمەندەفەرێکی دوورمەودا خۆی کێشا بە دواکابینەی شەمەندەفەرێکی وەستاودا کە تایبەت بوو بە ژنان، لەو رووداوەدا 16 ژن گیانیان لەدەستدا و لانی کەم 90 کەسی دیکەش برینداربوون.

دواتر پرابۆوۆ سوبیانتۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا، هۆکاری ئەو رووداوانەی بۆ ناسەلامەتیی یەکتربڕەکان گەڕاندەوە و فەرمانی کردووە لە سەرتاسەری وڵاتدا چاکسازی لە یەکتربڕەکاندا بکرێت و پردی پەڕینەوە یان بنکەی چاودێرییان بۆ دروست بکرێت.

رووداوەکانی گواستنەوە لە ئیندۆنیزیا کارێکی نامۆ نین، چونکە زۆربەی پاس، شەمەندەفەر و فڕۆکەکان کۆنن و وەک پێویست نۆژەن ناکرێنەوە. پێشتریش لە مانگی کانوونی دووەمی 2024، لە رووداوێکی شەمەندەفەردا لە جاڤای خۆرئاوا 4 کارمەندی شەمەندەفەر گیانیان لەدەستدا، هەروەها لە ساڵی 2015دا لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە جاکارتا 16 کەس گیانیان لەدەستدابوو.