سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: ئامادەی گفتوگۆین، بەڵام سیاسەتی سەپێنراو قبووڵ ناکەین

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایدەگەیەنێت، تاران هێشتا دەرگای بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوەیە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن لەژێر هەڕەشەدا بڕیار و سیاسەتیان بەسەردا بسەپێنرێت.

ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئایاری 2026، غوڵام حوسێن موحسینی ئیژەیی ، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ماڵپەڕی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامی هەرگیز لە دانوستان رای نەکردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ جۆرە بڕیارێکی سەپێنراو قبوڵ ناکەین."

ئیژەیی ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی نایەوێت جەنگ بەردەوام بێت و گوتی، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک جەنگمان ناوێت، نە دەمانەوێت جەنگ هەبێت و نە دەمانەوێت بەردەوام بێت، بەڵام ئێران ئامادە نییە لە پێناو دوورکەوتنەوە لە جەنگ، دەستبەرداری بنەما و بەهاکانی خۆی بێت لە بەرانبەر ئەم دوژمنەی"

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئێران و ئەمریکا لە مانگی نیساندا لە ئیسلام ئاباد خولێکی گفتوگۆیان ئەنجامدا، ئەوەش لە سایەی ئاگربەستێکدا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر ئەو جەنگەی کە لە 28ی شوبات بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران جەختی کردەوە کە ئەمریکا لەم جەنگەدا "هیچی دەستنەکەوتووە" و تاران لە گفتوگۆکاندا سازش ناکات.