پاپای ڤاتیکان داوا دەکات بەزووی شەڕ رابگیرێت
پاپای ڤاتیکان، لیۆی چواردەیەم، داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و داوای ئاگربەست دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، ئاژانسی "ئەسۆوشێتد پرێس" لە زاری پاپا لیۆی چواردەم بڵاویکردەوە، بەناوی مەسیحییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەو ژن و پیاوانەی خاوەن نییەتێکی باشن، داوا لە بەرپرسانی ئەم شەڕە دەکەم ئاگربەست رابگەیەنن، تاوەکو جارێکی دیکە دەرگاکانی گفتوگۆ بکرێنەوە، توندوتیژی هەرگیز ناتوانێت بەرەو دادپەروەری، سەقامگیری و ئەو ئاشتییەمان ببات کە گەل چاوەرێی دەکات."
بەگوێرەی ئاژانسەکە، پاپا لیۆ لە کۆتایی نوێژی نیوەڕۆی یەکشەممەدا، ناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیلی بە راشکاوی نەهێناوە، بەڵام ئاماژەی بەو هێرشانە کردووە کە قوتابخانەیەکیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی روون بۆ ئەو هێرشە مووشەکییەی لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕەکەدا کرایە سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ئێران و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 165 کەس، کە زۆربەیان منداڵ بوون.