تەندروستیی لوبنان: ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ نزیکەی هەزار کەس بەرز بووەتەوە
ئامارەکانی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بە پێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 850 کەس کە زیاتر لە 100 کەسیان منداڵن.
یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دا، کۆی گشتیی کوژراوان لە 2ـی ئادارەوە تا 15ـی ئادار گەیشتووەتە 850 کەس، لە کاتێکدا ژمارەی برینداران گەیشتووەتە دوو هەزار و 105 کەس."
هەروەها وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە "بەرزبوونەوەیەک لە ژمارەی کوژراوانی منداڵ تۆمار کراوە کە گەیشتووەتە 107 منداڵ."
جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 2ـی ئاداری ئەم مانگەدا پەلکێشی لوبنان بوو، ئەمەش دوای ئەوەی حزبوڵڵا مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، لە یەکەمین رۆژەکانی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.