باڵیۆزی ئێران لە ریاز: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعوودیە بەردەوامە و بەرەو پێش دەچێت

عەلی رەزا عنایەتی، باڵیۆزی ئێران لە سعوودیە رایگەیاند، پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی سعوودیەدا هەیە و جەختی کردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە چەندین بواری جیاوازدا بە شێوەیەکی ئاسایی بەرەو پێش دەچن.

یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، عەلی رەزا عنایەتی، باڵیۆزی ئێران لە سعوودیە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" ئاماژەی بە هاوکارییەکانی لایەنی سعوودی کرد لە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئەو ئێرانییانەی بۆ مەبەستی ئایینی لەو وڵاتە بوون، جگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری پزیشکی بە هەندێکیان.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، باڵیۆزی ئێران ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە باس لەوە دەکەن ئێران بەرپرس بێت لەو هێرشانەی کراونەتە سەر ژێرخانی نەوتی سعوودیە، لەوانە پاڵاوگەی رەئس تەنورە لە کەناراوەکانی رۆژهەڵات و هەوڵەکان بۆ بەئامانجگرتنی کێڵگەی نەوتی شەیبە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

عنایەتی گوتی: "ئێران لایەنی بەرپرس نییە لەو هێرشانە، ئەگەر ئێران ئەنجامی بدایە، ئەوا بە فەرمی رای دەگەیاند".

ئەم لێدوانانەی باڵیۆزی ئێران لە کاتێکدایە، پێشتر ئاژانسی بلۆمبێرگ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، سعوودیە پەیوەندییە راستەوخۆکانی لەگەڵ ئێران چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن و کاریگەرییان لەسەر بازاڕە جیهانییەکان دروست کردووە.

بەرپرسانی ئەوروپی بە بلۆمبێرگیان راگەیاندووە، بەرپرسانی سعوودیە لە رۆژانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەپەلە کەناڵە دیپلۆماسییە نهێنییەکانیان  لەگەڵ ئێران چالاک کردووە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ململانێکان لە ناوچەکەدا.