نەجات نەجار کتێبێکی لەسەر مێژووی شاری هەولێر بە زمانی عەرەبی بڵاو کردەوە

نەجات یاسین نەجار، نووسەر و ئەندازیار، نوێترین کتێبی خۆی کە بەزمانی عەرەبییە لەژێر ناوی " چەند لقێک لە دارەکەی نووسینەکانم"، کە باس لە مێژووی کەسایەتییەکانی کورد و هەولێر دەکات، چاپ و بڵاوکردەوە.

شەممە، 14ی ئاداری 2026، نەجات یاسین نەجار، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، ئەو کتێبە باس لە گێڕانەوەی مێژووی سەرکردە سیاسیەکانی کورد و قۆناغە جیاجیاکان و دەرکردنی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

 هەروەها بەشێکی دیکە لەو کتێبەدا باس لە زانا و مامۆستایانی ئایینی دەکات، کە دەستێکی باڵایان هەبووە لە سەرخستنی پڕۆژە و کارە ناوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان لە کوردستان.

نەجات یاسین نەجار گوتیشی،لە دوا لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا، باسم لە رۆڵی کەسایەتیەکی سەربازی کردووە، کە تەواوی قۆناغەکانی خوێندنی تا کۆلێژی سەربازی سەرکەوتووانە بڕیوە و لەژێر دەستی مندا  توانیویەتی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سەربازییەکان  بەدەست بهێنێت و پلەی ملازمی دووی پێبدرێت، ئەو کەسایەتیەش "عەمید دلێر نەجات یاسین"ی بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێرە و ئێستاش لە کۆلێژی پۆلیس سەرقاڵی مەشق و راهێنان و بەڕێوەبردنی خولە تایبەتەکانی ئەو کۆلێژەیە."

ئەو نووسەرە باس لە گرنگی کۆتا لاپەڕەکانی کتێبەکەی دەکات  و دەڵێت، لە کۆتا لاپەڕەکانی ئەو کتێبە باسم لە کەسایەتی سەردەمی عوسمانیەکان کردووە، کە لەدایکبووی گەڕەکی خانەقای هەولێرە و لە تەریقەتی نەقشبەندییە، کە ئەویش "شێخ ئەسعەد ئەربیلیی"ە و بووەتە زانایەکی دیار و بەرچاو لە تەفسیرکردنەوەی ئایین و شارەزاییەکی تەواوی لە شیکردنەوەی ئاییندا هەبووە و لەلایەن عوسمانیەکاندا وەک زانا و کەسایەتیەکی لێهاتووی کورد رێزی لێگیراوە.

نەجات یاسین نەجار، نووسەر و ئەندازیار، خەڵکی شاری هەولێرە، خاوەنی پێنج کتێبە کە سەرجەم کتێبەکانی باس کەسایەتییەکان و مێژووی دێرینی شاری هەولێر دەکات.