بەر لە کۆبوونەوەی ترەمپ و شی، شاندەکانی ئەمریکا و چین لە پاریس کۆبوونەوە
گەورە بەرپرسانی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین لە شاری پاریس گەڕێکی نوێی دانوستانەکانیان دەستپێکرد. ئامانج لەم گفتوگۆیانە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە ئاگربەستی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات و رەخساندنی زەمینەیە بۆ سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ پەکین و کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە کۆتایی مانگی ئاداردا.
بەرپرسێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە رۆیتەرزی رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەمەریکا و چین سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، لە بارەگای رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) لە پاریس دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکرێت تا رۆژی دووشەممە بەردەوام بێت.
گفتوگۆکان کە بە سەرۆکایەتی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و هی لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین بەڕێوەچوون، سەرنج دەخەنە سەر چەند پرسێکی گرنگ؛ لەوانە رێکخستنەوەی باجەکانی ئەمریکا، لێشاوی کانزا دەگمەنەکان و موگناتیسە بەرهەمهێنراوەکانی چین بۆ کڕیارانی ئەمریکی، کۆنترۆڵەکانی ئەمریکا بۆ سەر هەناردەکردنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، هەروەها کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا لەلایەن پەکینەوە.
جەیمسۆن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا کە بەشداری دانوستانەکان دەکات، پێش بەڕێکەوتنی بۆ پاریس جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی وڵاتەکەی دەیانەوێت سەقامگیری لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکیندا دەستەبەر بکەن.
جەیمسۆن گریر بە کەناڵی CNBC راگەیاند، دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە بەردەوام دەبین لە دەستکەوتنی ئەو توخمە دەگمەنانەی کە بۆ بنکەی پیشەسازیمان پێویستن، هەروەها ئەوانیش بەردەوام بن لە کڕینی ئەو کاڵایانەی کە پێویستە لە ئێمەی بکڕن، و هەردوو سەرۆکیش دەرفەتی کۆبوونەوەیان هەبێت تاوەکو پەیوەندییەکان بەو ئاراستەیەدا ببرێن کە ئێمە دەمانەوێت.
ئەم گفتوگۆیانە درێژکراوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ساڵی رابردووی شارەکانی ئەوروپایە بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە هەڕەشەی داڕمانی تەواوەتییان لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهان دروستکردبوو.
شرۆڤەکارانی بواری بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین پێیان وایە بەهۆی کەمی کات بۆ ئامادەکاری و هەروەها سەرنجی واشنتن لەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ئەگەری گەیشتن بە پێشکەوتنێکی گەورەی بازرگانی لەم گفتوگۆیانە یان لە لووتکەی داهاتووی پەکین سنووردارە.
سکۆت کێنێدی، شارەزای ئابووریی چین لە ناوەندی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە واشنتن دەڵێت: "پێموایە هەردوو لایەن کەمترین ئامانجیان هەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک، کە ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ هێشتنەوەی پەیوەندییەکان و خۆلادان لە پچڕان یان هەڵکشانەوەی گرژییەکان." ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە ترەمپ بیەوێت بە بەڵێنی گەورەی چینەوە بگەڕێتەوە بۆ کڕینی فڕۆکەی نوێی بۆینگ و غازی سروشتی شل و سۆیای ئەمریکی، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەمە رەنگە پێویست بکات هەندێک سازش لەسەر کۆنترۆڵی هەناردەکردنی ئەمریکا بکات.
چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ لە کۆتایی ئەم مانگە چاوی بە شی بکەوێت، لەوانە لە لوتکەی (APEC) کە لە مانگی تشرینی دووەمدا چین میوانداری دەکات، هەروەها لوتکەی (G20) کە ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمدا میوانداری دەکات.
هەر پەیوەست بەم بابەتە، رەنگە پرسی ئەگەری جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەشێکی دانوستانەکانی پاریس بێت، بەتایبەتی لە سایەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داخستنی گەرووی هورمز کە چین لە سەدا 45ی نەوتەکەی لێوە هاوردە دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە ترەمپ داوای لە وڵاتانی دیکە کردبوو یارمەتیدەر بن لە پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن ئامانجە سەربازییەکانی لە ناوەندێکی بارکردنی نەوت لە دورگەی خەرجی ئێران بۆردوومان کرد و تارانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.
لەلای خۆیەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی شینخوای چینی لە شرۆڤەیەکدا کە رۆژی یەکشەممە بڵاوی کردووەتەوە، پێشکەوتنی "بەرچاو" لە هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان چین و ئەمریکا دەتوانێت متمانە بۆ ئابووریی جیهان بگەڕێنێتەوە کە رۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو ناسەقامگیری دەچێت.