نیویۆرک تایمز: ناتانیاهۆ ئامۆژگارییەکانی ترەمپی پشتگوێ خستووە
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا زانیاریی نوێ لەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئاشکرا دەکات و دەڵێت، بنیامین ناتانیاهۆ گوێی بە هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ نەداوە بۆ لێدانی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران. هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی تواناکانی تاران بۆ فراوانکردنی جەنگەکە و داخستنی گەرووی هورمز، زۆر لەوە گەورەترە کە پێشتر پێشبینی دەکرا.
دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئامۆژگارییەکانی دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکای پشتگوێ خستووە و بە مەبەست بۆردوومانکردنی کۆگا و دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران. هۆکاری ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناتانیاهۆ پێی وابووە سووتاندنی تانکییە نەوتییەکانی ئێران دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و ئاژاوەیەکی گەورە لەناو سەرکردایەتیی ئەو وڵاتەدا.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، توانای ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز و پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ جەنگێکی بەرفراوانتر، لە سەرووی پێشبینییەکان بوو. لەم چوارچێوەیەدا، رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێکهێنان و جێبەجێکردنی ئەرکی نێودەوڵەتی بۆ یاوەری کردنی کەشتییە بازرگانییەکان بەنێو گەرووی هورمزدا، رەنگە پێویستی بە چەندین هەفتە بێت پێش ئەوەی بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەبارەت بە ماوەی خایاندنی ململانێکان، پێشبینییە هەنووکەییەکان کە نیویۆرک تایمز بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە ئەم جەنگە لە نێوان چوار بۆ شەش هەفتە بخایەنێت.
لە راپۆرتەکە سەرنج خراوەتە سەر مەترسییەکی دیکە، کە ئەویش ئەگەری مانەوەی بڕێک سووتەمەنیی ئەتۆمییە لە دەستی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. بەپێی رۆژنامەکە، ئێران دەتوانێت ئەو سووتەمەنییە ئەتۆمییە وەک کارتێکی بەهێزی فشار لە دانوستانەکاندا بەکاربهێنێت، هەروەها وەک ئامرازێکیش بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا بەمەبەستی کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە.