سیپان حەمۆ: تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە ناو وەزارەتی بەرگریی سووریا بەردەوامە
یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ناوچەی رۆژهەڵات، رایگەیاند؛ پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" لە ناو وەزارەتی بەرگریی دەستیپێکردووە و تا ئێستا چوار لیوا بە فەرمی تێکەڵ کراون.
سیپان حەمۆ لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم چوار لیوایە لە ناوچەکانی کۆبانێ، حەسەکە، قامیشلۆ و دێریک جێگیر کراون و کار بۆ ئەوە دەکرێت پاشماوەی هێزەکانی دیکە هەسەدەش لە ناو سوپای سووریادا جێگەیان بکرێتەوە. جەختیشی کردەوە، ئامانجی وەزارەت گەیشتنە بە سوپایەکی یەکگرتوو کە لەسەر بنەمای پەیڕەوێکی ناوخۆی نوێ کار بکات و کۆتایی بە دیاردەی گرووپایەتی بهێنێت.
سەبارەت بە دۆخی عەفرین و دەنگۆی پێکهێنانی "لیوای کوردی"، حەمۆ روونی کردەوە، دەسپێشخەرییەک هەیە بۆ ئەو چەکدارانەی خەڵکی عەفرینن و پێشتر لە ریزەکانی هەسەدە بوون، بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ناوچەکانی خۆیاندا تێکەڵی دامەزراوە سەربازییەکان ببن یان بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی.
لە تەوەرێکی دیکەدا قسەکانیدا، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی نیگەرانی خۆی لە دواکەوتنی ئازادکردنی زیندانیانی هەسەدە لەلایەن حکوومەتەوە دەربڕی و گوتی: "پێویستە هەموو زیندانیان بەبێ جیاوازی ئازاد بکرێن و نابێت ئەم پرسە بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنرێت." سەبارەت بە دۆسیەی کوژراوان و بریندارانی شەڕی دژ بە داعش، ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتن کراوە وەک "شەهید و برینداری دەوڵەتی سووریا" بناسرێن و هەموو ماف و بەڵگەنامە فەرمییەکانیان بۆ دابین بکرێت.
دەربارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، حەمۆ ئاشکرای کرد، ئەو شوێنانەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لێیان کشاونەتەوە، رادەستی سوپای سووریا دەکرێن و بۆ بەرژەوەندی سەربازی وڵات بەکاردەهێنرێنەوە. هەروەها گوتی: "سیاسەتی ئێستای وڵات دوورکەوتنەوەیە لە ململانێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی سەقامگیری سنوورەکانە."
سێبان حەمۆ داوای لە پێکهاتەکانی کورد و عەرەب کرد، یەکگرتوو بن بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ، تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەت کورد، لە دەستووردا جێگیر بکرێت و رێگری لە هەر جۆرە تاکڕەوییەک و ستەمێکی نوێ بگیرێت.