وۆڵ ستریت جۆرناڵ: چین و رووسیا چاودێری تواناکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن
ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، گرژی و رووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییەی ئێران، دەرفەتێکی بۆ وڵاتانی چین، رووسیا و کۆریای باکوور رەخساندووە تا لە نزیکەوە چاودێری تواناکانی سوپای ئەمریکا و سیستەمە بەرگرییەکانی لە ناوچەکەدا بکەن؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتی هێرشەکاندا شێوازی کارکردن و خاڵە لاوازەکانی سیستەمی بەرگری و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەرکەوتن.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لە بەرپەرچدانەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "THAAD"دا کاریگەرییەکی بەرچاویان نیشانداوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە هێرشەکانی سەر ئوردن و ئیمارات، چەند رادارێکی سەر بەو سیستەمە لەکارکەوتوون؛ ئەمەش وەک پێشهاتێکی گرنگ هەژمار دەکرێت کە سەرنجی مۆسکۆی بەلای خۆیدا راکێشاوە.
هاوکات، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، لە کاتی دەستپێکردنی گرژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە، ئێران و هاوپەیمانەکانی زیانیان بە لانی کەم 16 پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە هەشت وڵاتی جیاوازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووە، راپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، بەشێک لەو بنکانە بەهۆی قورسیی زیانەکانەوە، لە چالاکی کەوتوون.
لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی رۆژی هەینی، کۆنگرێسی ئاگادار کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بە "کۆتاییهاتوو".