ماکرۆن بۆ پزیشکیان: دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشانەی سەر وڵاتانی ناوچەکە بهێنن
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، هۆشداریی توندی بە تاران دا و داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشەکانی بهێنێت بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە. ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان تەنیا بۆ بەرگری و پاراستنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتین و رێگە نادەن بکرێنە ئامانج.
دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرا کرد. ماکرۆن رایگەیاند، "داوام لە سەرۆکی ئێران کرد دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشە قبووڵنەکراوانە بهێنێت کە ئێران لە دژی وڵاتانی ناوچەکە ئەنجامی دەدات، چ بە شێوەی راستەوخۆ بێت یان لە رێگەی بریکارەکانییەوە لە لوبنان و عێراق."
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە، بە پزیشکیانی بیرخستووەتەوە، دەستێوەردانەکانی فەرەنسا تەنیا لە چوارچێوەیەکی بەرگریی تونددایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوبەشە هەرێمییەکانی، هەروەها بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە ناوچەکە. جەختیشی کردەوە کە "بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە بەرژەوەندییەکانمان لە ناوچەکە بکرێنە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ماکرۆن هۆشداری دا لەو هەڵکشانە ئاڵۆزەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی: "ئەم هەڵکشانە کۆنترۆڵ نەکراوەی کە ئێستا دەیبینین، تەواوی ناوچەکە بەرەو ئاژاوە دەبات، کە دەرەنجامی گەورەی لەسەر ئەمڕۆ و ساڵانی داهاتووش دەبێت. قوربانییەکانی ئەم دۆخەش دانیشتووانی ناوچەکەن، بە خەڵکی ئێرانیشەوە."
ماکرۆن پێی وایە تەنیا چوارچێوەیەکی نوێی سیاسی و ئەمنی دەتوانێت ئاشتی و ئاسایش بۆ هەمووان دەستەبەر بکات. لەم بارەیەوە روونی کردەوە: "پێویستە ئەم چوارچێوەیە زامنی ئەوە بکات کە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە هەمان کاتدا چارەسەری ئەو هەڕەشانەش بکات کە بەرنامە مووشەکییەکەی و چالاکییە تێکدەرانەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دروستیان کردووە."
هەر لە میانەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پزیشکیان، سەرۆکی فەرەنسا داوای کرد کە "پێویستە بە زووترین کات ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بگەڕێندرێتەوە" کە بەهۆی گرژییەکانەوە داخراوە.